دەلۆ؛ ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی دڵ و ویستی کەرکووکییەکانی دا
ڕۆژی ٢٩\٨ پاش گفتوگۆ و دەربڕینی ڕای پێکهاتەکانی ئەنجومەن، بە دەنگی 24 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار درا، ڕاپرسی لە کەرکووک ئەنجام بدرێت، بڕیاریشیان دا داوا لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بکرێت، لە کەرکووک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە بکات.
(سەلاح دەلۆ)، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ پشتیوانیی ڕیفراندۆم، بۆ خەڵکی کوردستان و کەرکووکییەکان زۆر گرینگ بوو، چونکە ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و ئێستاش کورد، عەرەب، تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی لە کەرکووک دەژین و برایەتی و تەبایی لە نێوانیاندا هەیە.''
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی لەسەر ئەو باوەڕەیشە: ''ئەو بڕیارەی ئەنجومەن لە جێگای خۆیدا بوو، بڕیاری دڵ و ویستی کەرکووکییەکان بوو، بۆیە سەرجەم پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی کار دەکەین بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم.''
(سەلاح دەلۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''تا دێت لە کەرکووک پشتیوانی لە پرسی ڕیفراندۆم فراوانتر و جەماوەریتر دەبێت، خەڵک بە پەرۆشە بۆ ڕۆژی دەنگدان و بەم بڕیارەی ئەنجومەن ئەوەندەی دیکە دامەزراوەکانی حکوومەت و خەڵک متمانە و خۆشەویستییان لە نێواندا زیاتر دەبێت.''
kdp-
