چاودێرێکی ئەمنی؛ ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی حزبوڵڵا و داعش و ڕژێمی سووریا بێدەنگ نابێت
(حەسەن جیھاد)، چاودێری ئەمنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گواستنەوەی چەکدارەکانی داعش لە سنووری لوبنان و سووریاوە بۆ سەر سنووری عێراق لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، پێم وایە (حەسەن نەسروڵڵا) ڕێککەوتنی لەگەڵ داعش کردووە، بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیان دوور بخاتەوە، بەڵام ئەوە ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە داعش ھێزێکی توندڕەوی جیھانە و دوژمنی ھەموو مرۆڤایەتییە لەبەر ئەوە زۆر پابەندی ڕێککەوتن نییە. پێویست بوو ڕێکاری تر بەرامبەر بە چەکدارانی داعش بگیرێتە بەر، لەوانەش بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و لە شوێنێکی تایبەت کۆ بکرێنەوە و چاودێرییان بکرێت، نەک بەو شێوەیە بەرەڵڵای وڵاتانی جیھان بکرێن.''
دوای گواستنەوەی چەکدارەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سنوورەکانی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان سوپای رژێمی سووریا و حزبوڵڵای لوبنان و چەکدارانی داعش نیشان دا.
ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەمەریکا بێدەنگ نابێت لەو ڕەفتارەی حزبوڵڵای لوبنان و ڕژێمی (بەشار ئەسەد)، چونکە من دەبینم ئەمەریکا پڕە لەو پرسە و قبووڵ ناکات بەو شێوەیە چەکداری داعش بگوازرێنەوە بۆ سەر سنووری عێراق. ھەتا لەو دوو ڕۆژەی ڕابردوودا لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا دیارە و دژی ئەو ھەوڵەن و ئەگەر لەبەر ئەوە نەبێت، ھەندێ لەو چەکدارانە ژن و منداڵیان لەگەڵە بۆردومان دەکران.''
(حەسەن جیھاد) دەشڵێت: ''پێویستە عێراق ھەڵوێستی ڕژدی ھەبێت و بە وردی چاودێریی ئەو چەکدارانە بکات، چونکە کاتی داگیرکردنی مووسڵ ژمارەی چەکدارانی داعش ھەر ئەوەندە بوون کە ئێستا لەسەر سنوورن، ڕاستە دەگوترێت ژمارەیان ٣٠٠ کەسێک دەبێت، بەڵام لە میدیاکاندا پێشان درا ژمارەیان زۆر زیاترەی لەوەی بڵاو کراوەتەوە. پێم وایە دەبێ ھەرێمی کوردستانیش بە وردی چاودێریی ڕەوشەکە بکات و ڕێگە نەدات ئەو چەکدارانە دەرفەت وەربگرن و دەستی خۆیان بوەشێنن.''
kdp-
