فراکسیۆنی پارتی: عەبادی لە مەترسییەکانی ھێنانی داعش بۆ سنوورەکان ئاگادار دەکەینەوە

 فراکسیۆنی پارتی: عەبادی لە مەترسییەکانی ھێنانی داعش بۆ سنوورەکان ئاگادار دەکەینەوە
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات کە عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگاداری دەکەینەوە کە بەرپرسیار بێت بەرانبەر بەو رێککەوتنەی داعش و حزبوڵا.

نەدا مێرگەسۆری، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "دوای جەژن ئاگاداری سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەینەوە کە دانیشتنێکی تایبەت لەسەر پرسی رێککەوتنی داعش و حزبوڵا بکرێت، لە ئێستاشەوە ئاگاداری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەینەوە وەک فەرماندەی ھێزی چەکداری عێراق و یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکار، کە بەرپرسیار بێت بەرانبەر بە ئەو رێککەوتنە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی روون کردەوە کە ئەم رێککەوتنە، دواجار مەترسی لەسەر داھاتووی عێراق و سنوورەکەکانی دەکات، ھەڵبەتە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان باش دەزانین کە مەترسییەکان دواجار دەبێت کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە دوور نییە سیناریۆی ٢٠١٤ دووبارە بکەنەوە، بۆیە رەنگە لەسەر ئەو پرسە بانگی سەرۆک وەزیران بۆ ئەو کۆبوونەوە بکرێت.

ئاشکراشی کرد: "دەبێت رێکاری تایبەت لەو بارەوە بگیرێتە بەر، چونکە بەلای ئێمەوە ئەو پرسە کەم نییە و دەبێت سەرجەم لایەنەکانی عێراق لەو بارەوە ھەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە بڵاو کرایەوە کە سەدان چەکداری داعش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی حزبوڵا و داعش بە ئاگاداریی چەند دەزگایەکی ھەواڵگری، لە سنوورەکانی سووریا - لوبنانەوە بەرەو سنوورەکانی سووریا - عێراق بەڕێ خراون، دواتریش ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ئاشکرای کرد کە ئەو پاسانەی چەکدارانی داعشی بۆ (دێرەزوور)ی سنووری عێراق دەگواستەوە، بۆردومان کراون.











باسنیوز
Top