سەرکردەیەکی تورکمان: لە دەوڵەتی کوردستان مافەکانمان مسۆگەر دەبن
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، کە ھاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، تورکمانەکان لە گەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانن، ”گەلەکەمان لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا بە (بەڵێ) دەنگ دەدات“.
مونا قەهوەچی دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، کە لە دەوڵەتی داهاتووی کوردستاندا، مافەکانی گەلی تورکمان ”زیاتر دەستەبەر دەبن“ و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش سەرکەوتوو دەبێت، ”خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن“.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، کە ”کۆماری فیدڕالیی کوردستان“ دەوڵەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکانی کوردستانە و ئەوان نوێنەریان لە لێژنەی نووسینی دەستووری کوردستان دەبێ و مافەکانی هەموو نەتەوە و ئایینەکان مسۆگەر دەبێت.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
