ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک: پێکھاتەکانی کەرکووک لەگەڵ سەرۆك بارزانی کۆدەبنەوە
سەلاح دەلۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: ”بڕیارە سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببنەوەة ئەمە جگە لەوەی بارزانی دیداری لەگەڵ چین و توێژەکانی خەڵکی کەرکووک دەبێت، کۆبوونەوەی پێکھاتەکان و بارزانی زیاتر لەسەر چوار خاڵە، یەکەم ئەو پێکەوە ژیانەی ئێستا کە ھەیە، بەردەوامی ھەبێت و کورد و تورکمان و عەرەب پێکەوە وەک برا لەژێر چەتری ئارامی ھێزی پێشمەرگە پێکەوە بژین، دووەم، سەرجەم پێکھاتەکان بەبێ گوێدانە لایەنی حزبی دەیانەوێت لە کەشێکی ئارام و پێکەوە ژیاندا ڕیفراندۆم لەکات و ساتی خۆیدا بەڕێوەبچێت. سێییەم، پێکھاتەکان لە داھاتووی کوردستاندا گرنگییان پێ بدرێت و پشکیان ھەبێت لە دامەزراوەکانی حکوومەت و دەوڵەتدا. چوارەمیش، سەرجەم پێکھاتەکانی لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەدا مافەکانیان دەستەبەر بکرێت و گەنجانیان لەوێ بوونیان ھەبێت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان داواکارییەکانیان بۆ کۆبوونەوەکەی پێکهاتەکانی کەرکووک بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە و بارزانی ڕای گەیاندووە کە لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 29ی ئابی 2017، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، کۆبووەوە و بڕیاری دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەو پارێزگایەشدا بکرێت.
باسنیوز
