پۆلیسی سۆران پلانی ئەمنی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان ڕاگەیاند
ڕائید هــاوار ئـەرگـووشـی، گوتــەبێژی پۆلیسی سۆران، ڕاگەیاند: "بەمەبەستی پاراستن و ئارامی و ئاسایشی ڕەخساندنی كەشێكی ئارام بۆ هاووڵاتییان و ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەر چوار قەزاكانی سۆران، ڕواندز، مێرگەسۆر و چۆمان، دەكەن، لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سۆرانەوە پلانێكی ئەمنیی توكمە دندراوە، كە تەواوی ئەفسەر و كارمەندانمان لە ئەركی بەردەوامدا دەبن".
گوتیشی: "پلانەكەمان بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیان و گەشتیاران، لە ڕۆژی 31-8-2017 تا 5-9-2017 بەردەوام دەبێت، بۆ ئەمەش هەماهەنگی و هاوكاریی تەواومان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندارەكان دەبێت، بەتایبەتی هێزەكانی ئاسایشی سۆران، پۆلیسی هاتوچۆی سۆران، بەرگریی شارستانیی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و تەندروستیی سۆران".
داواكاریش بوو لە هاووڵاتیان و گەشتیاران، لە بوونی هەر ڕووداوێك، یان كێشەیەك بە زووترین كات دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار بكەنەوە.
باسنیوز
