كەركووك.. باندێكی دزیكردن دەستگیر كران

 كەركووك.. باندێكی دزیكردن دەستگیر كران
دوێنێ چوارشەممە 30/8/2017، هێزەكانی ئاسایشی كەركووك، توانیان باندێكی دزیكردن لە شاری كەركووك دەستگیر بكەن.



فەرهاد حەمەعەلی، گوتەبێژی ئاسایشی كەركووك، ڕاگەیاند: "دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەداداچوون، هێزەكانمان لە دوو هەڵمەتی جیادا لە گەڕەكەكانی عرووبە و غەرناتەی شاری كەركووك، توانیان باندێكی دزیكردن دەستگیر بكەن كە لە سێ تاوانبار پێكهاتبوون بە ناوەكانی (م، ح، ع) لە دایكبووی 1979 بەنەتەوە عەرەب و (ا، ع، م) لەدایكبووی 1972 بە نەتەوە توركمان و (ح، ح، ع) لە دایكبووی 1982 بە نەتەوە عەرەب، دەستگیركراوەكان لە 22ی تەمووزی ڕابردوو 300 مۆبایلیان لە دووكانێكی مۆبایل دزیبوو، لە شەقامی ئەتڵەسی شاری كەركووك، هەروەها چوار مانگ پێش ئێستاش لە دووكانێكی دیكەی مۆبایل 100 مۆبایلیان دزیبوو لە شەقامی جمهوری شاری كەركووك".



گوتیشی" یەكێك لە ئەندامانی ئەو باندە لە سەردەمی رژێمدا بۆ ماوەی 20 ساڵ سزا درابوو هەر بەهۆی تاوانی دزییەوە، دوای ئەوەی پێنج ساڵی بەسەر بردووە لە زیندان، دواتر بە هۆی لێبوردنی گشتییەوە ئازاد كراوە".



گوتەبێژی ئاسایشی كەركووك، ئاشكراشی كرد" تاوانبارێكیشیان، جگە لە كردەوە دزی، مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی بە گورجیلەی مرۆڤەوە كردووە".





باسنیوز
Top