وادەی هەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرا

 وادەی هەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان وادەی دەست پێ کردنی هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیاری دەکات.



شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند، 17 رۆژ وەک وادەی بانگەشەکردن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیاری کراوە.



شۆڕش حەسەن هەروەها رایگەیاند، کە وادەکە لە رۆژی سێشەممە 5/9/2017 دەست پێ دەکات و تا رۆژی 22/9/2017 بەردەوام دەبێت و هۆشدارییشی دا لەوەی ”ھەر کەناڵ و لایەنێک پێچەوانەی یاساکان بجوڵێتەوە، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و بەگوێرەی سەرپێچیەکە بە پێبژاردنی دارایی (غەرامە) سزا دەدرێت.



لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.




باسنیوز
Top