كوردانی رۆژئاوا بە هۆی پەیەدەوە ناتوانن جەژن لە زێدی خۆیان بکەن
کوردانی رۆژئاوای كوردستان، کە بە هۆی پێکدادانەکانی ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبانێ هەڵاتن و لە خێوەتگەی سروجی سەر بە پارێزگای ئورفای باكووری كوردستان نیشتەجێ بوون، ئێستە بەهۆی گوشارەکانی پەیەدەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و جەژنی قوربان لە زێدی خۆیان بەسەربەرن.
ئەو هاووڵاتییە کوردانەی رۆژئاوا نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕ و پێکدادانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە دژی پەیەدە هەڵاتن، ژمارەیان نزیکەی ٣٠ هەزار کەسە و زۆرینەیان ژن و منداڵن، لە ناوەندێکی مانەوە کە لەلایەن سەرۆکایەتی فەرمانگەی کارەسات و دۆخە لە ناکاوەکان لە سروج دروست کراوە، ژیان بەسەردەبەن.
ئەو قوربانییانەی جەنگ، سەرەڕای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەیان نەماوە، بەڵام بە هۆی گوشارەکانی پەیەدەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمساڵیش خەمی ئەوەیانە کە ناتوانن جەژنی قوربان لەنێو ماڵوحاڵ و وڵاتی خۆیاندا بكەن.
پەیەدە تا ئێستەش وەك دەسەڵاتێكی تاكڕەوانە، سیاسەتێكی توند بەرانبەر خەڵكی بێ لایەن یان سەر بە حزب و لایەنە كوردییەكانی تری رۆژئاوای كوردستان پەیڕەو دەكات.
bas news-
