"پەکەکە بە پارە تیرۆریستانی داعشی دەربازی سووریا کردووە"

فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، پەکەکە بە پارەیەکی زۆر داعشی دەربازی سووریا کردووە، ھێزی پێشمەرگەش پێی زانی و رێگرییان لەو کارە کردووە. جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایش، پەکەکە بە هاوکاری رژێمی سووریا ناو دەبات و دەشڵێت: "ئامانجیان تێکدانی نێو ماڵی کوردە."

(قاسم دەربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کاتێک ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی تەلەعفەر دەستی پێکرد، ژمارەیەکی زۆری تیرۆریستی داعش رایانکرد و زۆرێک چوونە سووریا، بەشێکیشی لە لایەن ھێزی پێشمەرگە کوژران و بەشێکیشی دەستگیر کران، کە یەکێک لەوانە کوردێکی ئێزدی بوو پێش ساڵی٢٠١٤ چووبووە ناو ریزەکانی داعش".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی: "بەشێک لەو تیرۆریستانەی داعش، کە چوونەتە سووریاوە، لە لایەن پەکەکەوە ھاوکاری کراون و لە بەرانبەردا پارەیەکی زۆریان وەرگرتووە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ھەر زوو پێی زانین و سنووریان داخست و رێگرییان لەو کارە خراپەی پەکەکە کرد".

پێشمەرگەکانی هێزی رۆژ، کە پێکهاتوون لە کوردانی رۆژئاوا، شانبەشانی پێشمەرگەکانی باشوور دژ بە تیرۆریستانی داعش جەنگاون، ئێستایش دەیانەوێت بڕۆنەوە رۆژئاوا و پارێزگاری لە زێدی خۆیان بکەن، لەو بارەوە جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (عەبدولباسیت حەمۆ) گوتی: "پەکەکە رێگرە لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، تاوەکو بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆیان بکەن"، هۆکاری ئەو رێگرییەی پەکەکەش لە هێزی رۆژ بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، بە بوونی ئەو هێزە لە رۆژئاوا پەکەکە ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی یاری بە چارەنووسی کوردانی رۆژئاوا بکات، گوتیشی: "پەکەکە باش دەزانن کە زۆربەی زۆری کوردانی رۆژئاوا پشتیوانی لە هێزی رۆژ دەکەن، نەک پەکەکە".


(قاسم دەربۆ) ئەو کارەی پەکەکە بە مەترسییەکی گەورە ناو دەبات، "چونکە ھەرچۆنێک بێت، نابێت تیرۆریستانی داعش دەرباز بکرێن بۆ سووریا".

(عەبدولباسیت حەمۆ) جێگری هاوپەیمانیی نیشتیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جەخت دەکاتەوە: "هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان، پەکەکە هەوڵی داوە کورد لە گۆڕەپانی سیاسی و شۆڕش دوور بخاتەوە"، بۆ ئەمەش نموونە بەوە دەهێنێتەوە، کە ئەو هێزە هاوکاریی رژێمی ئەسەد دەکات و کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی لە رۆژئاوا دەکات.

ناوبراو ئاماژەش بەو رێگرییانەی پەکەکە لە سیاسەتمەداران و رۆژنامەوان و ئەو پارت و لایەنانە کوردانی رۆژئاوا دەکات و دەڵێت: "ئەو کەس و لایەنانە دەسگیر دەکات، کە لەگەڵ سیاسەتەکانی پەکەکە دا نین"، (حەمۆ) گوتیشی: "لە کاتێکدا دەبوو پەکەکە دەس لە ناو دەسی پێشمەرگە بکات و ببێتە هۆی تەبایی کوردانی رۆژئاوا، نەک هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەب و رژێمی ئەسەد ببەستێت".
kdp-
Top