سەرۆک بارزانی: سەردەمی هاوپەیمانیی بەغدا و، ساڵانی شەستەکان و هاوپەیمانیی سەعدئاباد بەسەر چوو

 	 سەرۆک بارزانی: سەردەمی هاوپەیمانیی بەغدا و، ساڵانی شەستەکان و هاوپەیمانیی سەعدئاباد بەسەر چوو
(مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرێی دداننەنان بە ئەوانی دی لە بەغدادا حوکم دەکات. بە ڕاشکاوییش گوتی، ماوەی فەرمانڕانییەکەی (مالیکی)، ویستی گەلی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی قووڵ کردەوە. هەروەها گوتی، زەمەن گۆڕاوە و دنیایش گۆڕاوە، سەردەمی هاوپەیمانیی سەنتۆ-هاوپەیمانیی بەغدا- و، ساڵانی شەستەکان و سەردەمی هاوپەیمانیی سەعدئاباد نییە.


(سەرۆک بارزانی) لە جاوپێکەتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـدا زیاتر لەوبارەوە دوا و رایگەیاندووە، (مالیکی) تاوانی بەرانبەر بە مافەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە سەرووی کردەی ئەنفال وەسفی دەکات کە (سەددام حوسێن) بەسەر گەلی کوردیدا هێنا و بە هۆیەوە ١٨٠هەزار کوردی سڤیل بوون بە قوربانی.

لەو چاوپیکەوتنەدا کە پرسگەلێکی هەستیار وروژێندراوە، (سەرۆک بارزانی) دەربارەی پێکهاتەی سوننەکان باوەڕی وایە، کە عەرەبی سوننە لە ئیدارەدانی خۆیاندا هەڵەیان کرد، نەیانتوانی یەکڕیز و یەکدەنگ بن، تا وای لێهات داعش لە ناوچەکانیاندا جێگیر بوون و وێرانیان کرد و زۆرێک لە دانیشتوانەکەیان ئاوارە بوون.
(سەرۆک بارزانی) ئاشکرایشی کرد کە، لە پاش ڕووخانی ڕژێمی (سەددام)، ئامۆژگاریی سوننەی کردووە هەرێمێک پێک بێنن و وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، ئەوکات سیعەش قەبووڵی دەکرد، بەڵام موزایەدات و لەگەڵ رابردوو ژیان، هەروەها نەبوونی یەکهەڵوێستییان ڕێگر بووە لە پارێزگاریکردن لە مافەکانیان.


(سەرۆک بارزانی) دەربارەی ئەم قۆناغە مێژووییەی باشووری کوردستان پێیدا ڕەت دەبێ، ڕایگەیاند، ئێستا باشووری کوردستان پیی ناوەتەوە قۆناغی ڕۆژان و حەفتەی مێژووییەوە.
جەختیشی کردەوە لەوەی کە، راپرسی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە و بریاری گەلە، بڕیاری زپربەی هێزە سیاسییەکانە لە کوردستان، کە دەبێ ڕاپرسی لە ٢٥ـی مانگی دابێ ئەنجام بدرێ، مەگەر بریتێکی باشتر لە ڕاپرسی هەبێ.

دەربارەی ئەوەیش کە بریتی باشتر کامەیە؟، (سەرۆک بارزانی) گوتی، ئەمە تەنیا ڕایە و ئەوە من نیم بڕیاری لێ بدەم، هەڵبەتە ئەنجوومەنی باڵای ڕاپرسی هەیە کە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا ئەندامن و ئەوە کە کۆی دەنگ دەتوانێ بڕیار بدات نەک بڕیاری کەسێک.
ڕایشیگەیاند، بەڵام کە بێتو وەک ئەوەی لە زۆر لایەنەوە گوێبیست بووین، کە کات بۆ ڕاپرسی لەبار نییە و، بۆ شەش مانگ یاخوود ساڵێک دوا بخرێ، ئایا ئامادەیی ئەوە هەیە کە دەکۆمێنێتێک واژۆ بکەن کە لە ٢٥ـی سەپتەمبەری ٢٠١٨ـدا ددان بە ئەنجامی ڕاپرسیی بۆ سەربەخۆییدا بنێن و قەبووڵی بکەن؟، ڕەنگە وەها بریتێک بخرێتە دیراسەکردنەوە کە ئەگەر هەبوو.

لەبارەی ئەوەیشەوە کە ئەو بریت و گەرەنتییەی لە ئەمەریکا دەوێ؟، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، سەرەتا لە حکوومەتی عێراق و پەرلەمانەکەی، ئینجا بە گەرەنتیی ئەمەریکایی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر ئەم بریتەش نەبێت، ئەوا ڕاپرسی لە کاتی خۆیدا دەکرێ.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە، لە دیداری سەرکۆماری تورکیا(ئەردۆغان) و سەرۆکئەرکانی سوپای ئێراندا، هەستت بە هیچ دڵەراکێ و نیگەرانیێک کردووە؟، (سەرۆک) ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک.
راشیگەیاندووە، کە زەمەن گۆڕاوە و دنیایش گۆڕاوە، زەمەنی هاوپەیمانیی سەنتۆ-هاوپەیمانیی بەغدا- و، ساڵانی شەستەکان و زەمەنی هاوپەیمانیی سەعدئاباد نییە.
لەبارەی نیوەرۆكی دیداری لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمەریکا(جێمس ماتیس) کە لەم ماوەیەدا لە هەولێر بەڕێوە چوو، رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا زانیاریی لە دۆخی ناوچەکە و عێراق هەیە، وێڕای پێزانینی قوربانییەکانی هێزی پیشمەرگە، جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگیی هەردوولا کردەوە، گوتیشی کە ڕێز لە خواستی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی دەکەن و ئەمە بە ڕەوا دەبینن، بەڵام گوتی، کە لە ڕوانگای ئەمەریکاوە، راپرسی لەم کاتەدا کاریگەری بەسەر شەری داعشەوە دەبێ بۆیە دەخوازن چاوێک بە بڕیارەکەدا بخشێننەوە، منیش پێمڕاگەیاند کە، لە شەراکەت و دەولەتی هاوولاتیدا عێراق شکستی بردووە و دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین.

دەربارەی ئەگەری ڕێگری لە گێرانەوەی کەرکووک بۆ سەر ئیدارەی باشووری کوردستانیش(سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە، ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین، لەبارەی سنوور بە کەرکوویشەوە، بەڵام کەرکووک شارێکی کوردستانییە، ناسنامەی کوردستانییە، ئامادەیشین وەک نموونەیەکی باشی پێکەوەژیان ئامادەی بکەین، بەڵام، هەر هێزێک بیر لەوە بکاتەوە بە هێز کەرکووک داببڕێ، تەواوی گەلی کوردستان بەرەوڕوویان دەبێتەوە و ئامادەی گیانبەخشینن لە پێناویدا.

هاوکات وێڕای سپاسی بۆ وڵاتی ئیسڕایل لە بە راشکاویی پشتیوانیکردنی سەربەخۆییی کوردستان، سپاس و پێزانینیشی هەبوو بۆ وڵاتانی عەرەبی و گوتی، وڵاتانی عەرەبی هەڵوێستیان زۆر لە هیی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمەریکا باشترە. بەرچەکرداریان تووندیان نەبووە، هەموویشیان ددان بە مافی کورددا دەنێن و هەڵویستی هاوسەنگیان هەیە، تا بەوە دەگات کە نامەیەکی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبیم پێ گەیشت کە باش بوو.

(سەرۆک بارزانی) ئاشکرایشی دەکات کە، لە ماوەی ساڵێک نیوێک ئامادەیی ئەودا لە بەرەکانی جەنگ، داعش زۆر جار هەوڵی کوشتنی داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. گوتیشی، لە پێناوی سەربەخۆیی گەلەکەمدا هەرساتێ ئامادەم گیانی خۆم بەخت بکەم و، بیریش لە چارەنووسی خۆم و ژیانم ناکەمەوە.
kdp-
Top