جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە؛ لە هەموو قۆڵەکانەوە داعش تێکشکا

 	 جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە؛ لە هەموو قۆڵەکانەوە داعش تێکشکا
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا داعش زۆرترین کوژراوی لە بەرەکانی جەنگ هەبووە و بەشێکی زۆری کوژراوەکانیش عێراقی بوون. دەشڵێ، داعش شپرزەییان پێوە دیارە و دەیانەوێت قەرەبووی شکستەکانیان بکەنەوە.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا داعش لە دووزخورماتوو و چیای حەمرین و دوبز و زوممار هێرشیان کردووە، بەڵام لە سەرجەم هێرشەکاندا تێکشکاون و تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: ''داعش ٢٠٠ کوژراوی هەیە.'' (سالار محەمەد جەباری)، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''داعش لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٠ کوژراویان هەبووە، بەتایبەت لە میحوەرەکانی ڕەبیعە و سنووری حەمرین و نزیک تەلەعفەر و چەند شوێنێکی دیکە، ناسنامەی بەشێکی زۆری کوژراوەکانیشیان عێراقی بووە، لە ناو کوژراوەکاندا ئافرەت هەبووە، کە پێشتر مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە لە سەرجەم بەرەکاندا داعش تێکشکێنراوە.''

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: ''هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە و لە سنووری کوردستاندا وەک پۆڵا لە بەرانبەر داعشدا ڕاوەستاوە، ئامانجی تیرۆریستانی داعش کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگە لە دژی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە ئازایانە تێکیان دەشکێنێت.''

(سالار محەمەد جەباری) ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئەوەی داعش دەیکات دەرئەنجامی ئەو شکست و ئەو پەشۆکاوییانەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دەستی هێزی پێشمەرگە بەسەریان هاتووە و زیانیان بەرکەوتووە.''
kdp-
Top