وەزارەتی پێشمەرگە: ناردنی چەکدارانی داعش بۆ سنوورەکانی عێراق بە بچووک نازانین
سالار محەمەد جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "چەند رۆژێکە وەزارەتی پێشمەرگە لە بیرکردنەوەی ئەوەدایە کە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە نێوان حزبوڵا و داعش بە ئاگاداریی ھەواڵگریی سووریا، بەرەو کوێ دەڕوات و سیناریۆکانی پشتی چییە، لە رووی سیاسییەوە جێی دەھێڵین بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، لە ڕووی سەربازیشەوە پێشمەرگە لە ئامادەباشی دایە بۆ ھەر ئەگەرێک".
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، داعش بە گرووپ و دەستەوە بۆ سووریا دەپەڕینەوە، لەوێشەوە ھیلالێکیان دروست دەکرد، بۆیە ”گرنگ لای ئێمە ئەوەیە کە سیناریۆیەکی ترسناک لە ئارادایە، نازانرێت چییە؟“.
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئەوەی نەشاردەوە کە بەیاننامەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ”دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مەترسیی سیناریۆیەکی تازە لە ناوچەکەدا ھەیە“
ھەر ئەمڕۆ چوارشەممە 30/8/2017، برێت مەکگۆرک، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاماژەی بەوە کرد کە تیرۆریستەکانی داعش پێویستە ھەر لە گۆڕەپانی شەڕدا بکوژرێن و دووپاتی کردەوە: ”نەک بەبێ ڕەزامەندیی عێراق، بە پاس لە سوریاوە بۆ سەر سنوورەکانی عێراق بگوازرێنەوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمان ھاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ ئەوەی ھەرگیز ئەم تیرۆریستانە بۆ ناو عێراق نەگەڕێنەوە و ڕای گەیاند: “تیرۆریستان ناتوانن لە چارەنووسی بێ ھیوای خەلافەتەکەیان ڕا بکەن”.
دوێنێ سێشەممە 29/8/2017، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو ڕێککەوتنە دەربڕی و بە ”مامەڵەیەکی گوماناوی“ی نێوان ئەو دوو لایەنەی لەقەڵەم دا، ھیواشی خواست ”لایەنە پەیوەندیدارەکان“ ھەڵوێستی جددیان لەبەرامبەر ئەو کردەوەیە ھەبێت.
دواتر حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتاری ھەفتانەیدا ڕای گەیاند، گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا ”مایەی ھەڕەشەیە بۆ سەر گەلی عێراق“.
لە کاتێکدا بەیانیی ئەمڕۆ، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەرامبەر ئەو کردەوەیە ھاتە دەنگ و ئاشکرای کرد، بە ھەمان ئەو سیناریۆیەی دەزانن کە لە ساڵی 2014دا جێبەجێ کرا و جەختی لەسەر ھاوکاریکردنی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ئەگەرێک کرد.
بەپێی رێککەوتنی حزبوڵلای لوبنانی و داعش بە ئاگاداریی رژێمی سووریا، رێگا بە زیاتر لە 600 چەکداری داعش لەناو خاکی لوبنان لەسەر سنووری سووریا لە ناوچەی قەلەموون دراوە ئەو ناوچەیە بەجێ بھێڵن و لە شاری دێرەزوور لەسەر سنووری عێراق جێگیر ببن.
باسنیوز
