کچەکەی نەوشیروان مستەفا ڤێلایەکی بە بەهای نزیکەی 13 ملیۆن دۆلار پێ دراوە

 کچەکەی نەوشیروان مستەفا ڤێلایەکی بە بەهای نزیکەی 13 ملیۆن دۆلار پێ دراوە
کچەکەی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، لە بەرامبەر ڤێلایەکی باوکی لە پایتەختی بەریتانیا کە بەهاکەی نزیکەی 13 ملیۆن دۆلارە، دەستبەرداری موڵکەکانی باوکی لە کوردستان بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، چرا نەوشیروان مستەفا، لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤێلاکەی باوکی کە لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، سازشی لەسەر بەشی خۆی لە موڵک و ماڵی باوکی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

هاوکات باس لەوە کراوە کە ئەو ڤێلایەی بە کچەکەی ڕێکخەری گشتیی پێشووی گۆڕان دراوە، بەهاکەی 10 ملیۆن پاوەندی بەریتانی دەبێت کە دەکاتە نزیکەی 12 ملیۆن و 920 هەزار دۆلار.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، بە تایبەتیش لە دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، نەوشیروان مستەفا سەرقاڵی ئەوە بووە کە موڵک و ماڵەکەی بەسەر منداڵەکانیدا دابەش بکات.

ڕۆژی سێشەممە 29/8/2017، ئەوە ئاشکرا کرا کە خاوەندارێتیی کۆمپانیای وشە بە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان و کەناڵی (KNN) کە بە بەهای ملیۆنەها دۆلارە، خراوەتە سەر ناوی چیا و نما، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا.

لەمبارەیەوە ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ڕایگەیاند: ”بڵاو بوونەوەی تاپۆکردنی گردی زەرگەتە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی و تەنانەت کاردانەوەی خراپی لایەنگرانی گۆڕانیشی بەدوای خۆیدا ھێناوە، ھەڵسووڕاوی خۆمان ھەبووە، بەھۆی دەنگۆی بڵاو بوونەوەی تاپۆکردنی گردی زەرگەتە لەسەر چیا و نما،لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بەھۆی فشاری ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، شەوی ڕابردوو هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام ”ڕوونکردنەوەکەیان زۆر لاواز بوو“.

لەبارەی وەرگرتنی ڤێلاکەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن چرای کچی، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایگەیاند: ”ئاگاداری ئەوە نیم کە چرای کچی نەوشیروان مستەفا ڤێلاکەی لەندەنی وەرگرتبێت“.








باسنیوز
Top