سۆران.. کەسێک بەھۆی ھێرشکردنە سەر پزیشکێک دەستگیر کرا
راید ھاوار ئەرگۆشی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو 29/8/2017، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران، دەمەقاڵێیەک لەنێوان نەخۆشێک و پزیشکێک ئێشکگر دروست بوو، ھۆکارەکەشی ئەوە بووە، کاتێک پزیشکەکە پشکنینی بۆ نەخۆشەکە دەکرد، پێی گوتووە، لە بەر ئەوەی نەخۆشخانە تایبەتە بە فریاگوزاریی سەرتایی و پزیشکی، ڕاوێژکاری لێ نییە و ناتوانین چارەسەرت بکەین، بەمەش لەلایەن نەخۆشەکە و کوڕەکەی، ھێرشیان کردە سەر پزیشکەکە و ڕایان کرد".
گوتیشی: "دواتر لایەن پۆلیسەوە ھەوڵی کۆنتڕۆلکردنی ڕووداوەکە درا، راستەوخۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری سۆران و بەرێوەبەری فریاکەوتن و ئەفسەری پۆلیسی نەخۆشخانە و ئەفسەری بنکەی پۆلیسی سۆران، سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد، دوای لێکۆڵینەوە، بۆیان دەرکەوت باوک ە کوڕەکە کێن، پاشان بە دوایدا گەڕان و توانرا کوڕەکە بەناوی (ک-ێ-م) دەستگیر بکەن، کە ئێستا بەپێی مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی، لە بەندیخانە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، ھەروەھا لە سەر ڕووداوەکە بەھۆی کەمتەرخەمییەوە، دوو کارمەندی پۆلیسی نەخۆشخانەکە، لەلایەن بەرێوەبەری پۆلیسی ناو شاری سۆران، سزا دران".
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، نیگەرانیی خۆیشی سەبارە بەوە دەربڕی، کە ھەندێک ھەژمار و پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زۆر بە "نابەرپرسانە" ئەو ھەواڵەیان بڵاو کردبووەوە و باسیان لەوە کردبوو، کە گوایە لە ڕووداوەکە بریندار ھەیە و نەخۆشخانەیان داخستووە، بەڵام "ئەمانە دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا 30 خولەک دوای ڕووداوەکە، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانە دەستیان بە کارەکانی خۆیان کردەوە".
باسنیوز
