هه‌ڵه‌بجه.. ئاماری ونبوانی پارێزگاكە ڕاگەیەندران
لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، ڕایگه‌یاند: "ڕۆژی (30/8)، له جیهاندا به ڕۆژی ونبوانی به زۆر دیاری كراوه، هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ده‌ر نییه له‌و ڕۆژه، بۆیه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (ICMP) هه‌وڵمان دا ئامارێكی ونبوانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ربگرین و له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا ڕای بگه‌یه‌نین، بۆیه ئه‌م مه‌ڕاسیمه‌مان ڕیك خست بۆ ئەوەی ئه‌م ڕۆژه به‌رز ڕابگرین و ئه‌و ئامار و به‌ڵگه و وێنانه‌ش وه‌ك نموونه‌ی ونبوان بیخه‌ینه ڕوو".
هاوكات هۆشمه‌ند موراد، به‌رێوه‌به‌ری ڕووپێوی ونبوانی هه‌ڵه‌بجه، ڕایگه‌یاند: "به پاڵپشتیی دارایی ڕێكخراوی (ئای سی ئێم پی) دەستمان کرد به ئه‌نجامدانی ڕووپێوییه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بێ سه‌روشوێنن، له ئه‌نجامدا بۆمان ده‌ركه‌وت، كه كۆی گشتی (337) كه‌سن، له‌و ژماره‌یه (213) كه‌سیان له ڕه‌گه‌زی نێرن و ئه‌وی دیكه‌ی له ڕه‌گه‌زی مێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیمانكردووه ڕێژه‌ی هه‌ره زۆری ونبوانی هه‌ڵه‌بجه منداڵن و ته‌مه‌نیان له خوار 12 ساڵانه‌وه‌یه".
ڕونیشی كرده‌وه‌و گوتی: "به‌پێی ئه‌و پۆلێن و قۆناغبه‌ندییه‌ی، كه كردوومانه بۆ ونبووه‌كان، له‌و ئاماره (211) كه‌س له كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ون بوون، (16) كه‌س له شه‌ڕی /عێراق ـ ئێران/ ون بوون، هه‌روه‌ها ونبوانی ئه‌نفال (61) كه‌سه، ونبوانی كۆڕه‌و (5) كه‌س، ونبوانی شه‌ڕی ناوخۆ (5) كه‌سه، به‌ده‌ر له‌م پۆلینانه (41) كه‌سیش به هۆكاری نادریار ون بوون".
باس‌نیوز
