سەرۆك بارزانی: مالیکی بەشێوەیەکی دڕندانەتر گەلی کوردستانی ئەنفال کرد

سەرۆك  بارزانی: مالیکی بەشێوەیەکی دڕندانەتر گەلی کوردستانی ئەنفال کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەشێوەیەکی دڕندانەتر گەلی کوردستان ئەنفال کرد.



مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی، جەختی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کردووەتەوە، ”گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە و کەس ناتوانێ بڕیاری دواخستنی بدات“.



بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان هیچ هیوایەکی بە مانەوە لە عێراق نەماوە، لەو کاتەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2006 - 2014) بەشێوەیەکی ”دڕندانەتر“ لە رژێمی بەعس گەلی کوردستانی ئەنفال کرد، ”هیچ سەرکردەیەکی سیاسیی و کەسایەتییەکی ئایینیش کاردانەوەی بەرامبەر دژایەتیی مالیکی بۆ گەلی کوردستان نەبوو“.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب بە گشتییەوە، رایگەیاندووە، هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەرێنییە و ”سوپاسی وڵاتانی عەرەبی دەکەم“، کە لە کێشە و ناسۆرییەکانی گەلی کوردستان تێ دەگەن.



بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”ئیستا کات و ساتێکی مێژووییە“ بۆ گەلی کوردستان و ریفراندۆم دوا ناخرێت، مەگەر حکوومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەمریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان گەرەنتیی بە گەلی کوردستان بدەن و بەدیلێک پێشکەش بکەن، کە ئەوەش هەرگیز روو نادات.



باسنیوز
Top