کار بۆ تێکەڵکردنی قوتابییە پەنابەرەکانی سووری و ھەرێمی کوردستان دەکرێت

کار بۆ تێکەڵکردنی قوتابییە پەنابەرەکانی سووری و ھەرێمی کوردستان دەکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە، وۆرکشۆپێک لەژێر ناوی (تێکەڵکردنی پەنابەرانی سووری لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان) لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و رێکخراوی یونیسیف و چەند رێکخراوێکی دیکە، بەڕێوەچوو.



ئەمڕۆ سێشەممە 29/8/2017 وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی نێدراوە، ئاماژەی بەوە داوە کە وۆرکشۆپێک لە ھۆتێل (ڤان رۆیاڵ)، لەژێر ناوی (تێکەڵکردنی پەنابەرانی سووری لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان) لە نێوان وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی یونیسیف، (UNHCR)، (TDH)، (Inrterses)، (Unesco)، (NRC) و (IRC) و نوێنەری کونسوڵی ئەمریکی بەڕێوە‌چوو.



وەزارەتی پەروەدە، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لەم وۆرکشۆپەدا کە ھەر یەک لە بەرێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان بەشدار بوون، قسە لەسەر ئەو دۆخە قورسە کرا کە لە پاش قەیرانی دارایی تووشی ئەو ھاوکارییە بووەوە کە بۆ قوتابخانەی پەنابەرانی سووری لە ھەرێمی کوردستان تەرخان کرابوو، ئەمەش قورسایی گەورەی خستبوویە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە بیر لە پلانێکی دیکە کرایەوە تا ھەر وەک ‌وڵاتانی ئوردن، تورکیا، سوودان و چەند وڵاتێکی دیکە کە پەنابەری سووریان تێدایە، قوتابییە سوورییەکان تیکەڵ بە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێن، تا ھەردوو لا سوودمەند بن لە ھاوکارییەکان".



وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ھاتووە: "ئەم کۆبوونەوە، دەرئەنجامی دابینکردنی ھەموو جۆرە خوێندنێکە بۆ پەنابەرانی سووری و دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی دیکەیە بۆ بەدیلی نەمانی پارە و خراپی باری ئابووری تا ئاوارە سوورییەکان تێکەڵ بە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەردوو لا بن".



پێشتر کە قوتابخانە بۆ پەنابەرانی سووری دادەنرا، وەزارەتی پەروەردە لەسەر شانی بوو تەنیا بەرێوەبەریان بۆ دابین بکات، بەڵام ئێستا گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، چونکە قوتابیانی دەرەوەی کەمپەکان کە ژمارەشیان کەمە، ناکرێت قوتابخانەی تایبەتیان بۆ دیاری بکرێت، بۆیە پێویستە تێکەڵ بکرێن و بۆ ئەمەش وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە خۆ رێکخستنەوە ھەیە بۆ رێکخستنەوەی قوتابیانی سووری و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکان.



ئەوەشی روون کردوەتەوە کە وەزارەتی پەروەردە و رێکخراوی یونیسێف، کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیەیان بۆ داڕشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە ڕێک خست، وەک لە کۆبوونەوەکە دەرکەوت ھەنگاوی یەکەم لە پەنابەرانی دەرەوەی کەمپەکان دەست پێ بکرێت و دواتر ھەنگاوی دیکەی لە دووەم دیت، ھەروەھا دەرچووانی کولیژی پەروەردە و پەوەردەی بنەڕەت بخرینە جیگەی ئەو مامۆستا سووریانەی کە دەوامەکانیان جێ دەھێڵن.


bas news-
Top