دوو پەرلەمانتاری یەکێتی؛ هیچ ئومێدێکمان بە بەغدا نەماوە..ڕیفراندۆم چارەنووسی کوردستانە
بڕیارە ڕۆژی ٢٥\٩ ڕیفراندۆم لە کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمەش سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاردان دا، بەشداری لەو ڕیفراندۆمەدا بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمیتەیەکی باڵا دروست بووە و بۆ هەمان پرس سەردانی بەغدایان کرد.
(سیروان ئەحمەد)، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی یەکێتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ نەبێت، سبەی هەر دەبێت چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، بۆیە ئەمڕۆ باشترین دەرفەتە گەلی کوردستان لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بە هەرحاڵ كوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی شەڕی دژی داعشدا بە درێژاییی سنوورێكی پتر لە 1000 كیلۆمەتر شەڕی مان و نەمانی لە دژی تیرۆریستان كردووە و زیاتر لە 11 هەزار پێشمەرگەی شەهید و بریندارمان هەیە. هەروەها ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر كوردانی ئێزدی هات و ژن و كچەكانیان ڕفاندن و كردیانن بە كۆیلە، كە هیچ شەرع و یاسایەك قبووڵی ناكات، دەبێ بزانین نابێ جارێکی دیکە ئەمەمان بەسەر بێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێ خۆمان زامنی مافەکانمان بکەین.''
(سیروان ئەحمەد) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ڕیفراندۆم بۆ ئاشتی و ئارامیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان باشترین ئامانجە، کە خەڵک ئاواتییەتی.''
(خەڵەف غەفوور)، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''گەرەنتیی ڕیفراندۆم بریتییە لە یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان، تا چەند پێویستە هێزە سیاسییەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن، گرنگە سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیاررانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و دەبێ پەرلەمانی کوردستان کارا ببێتەوە و لەوێوە هەندێک ڕێکار دەربچێت.''
(خەڵەف غەفوور) ئەوەشی خستە ڕوو: ''ڕیفراندۆم فشار نییە بۆ سەر بەغدا تا داواکانمان جێبەجێ بکات، ئێستا کوردستان لە لێواری بریاری خۆیدایە، چونکە لە بەغدا نائومێد بووین، خۆ هێشتا ڕیفراندۆممان نەکردبوو بەغدا بوودجەی بڕین، پارەی گەنمی جووتیارانی نەنارد، بەشە خۆراکی کەم کردەوە، پشکی کوردی لە سوپای عێراق نەهێشت، بۆیە بریاری ڕیفراندۆم ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.''
kdp-
