شارەزایەکی یاسایی؛ بڕیاری بەشداریکردنی کەرکووک لە ریفراندۆمدا دەستووری و یاسایییە
دوای ئەوەی ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنیان کرد دەربارەی پرسی ڕیفڕاندۆم، ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا، کەرکووکیش لە ڕیفڕاندۆمی ٢٥ی ئەیلوولدا بەشدار بێت.
(کەریم بەحری)، شارەزای یاسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە جێی خۆیدا بوو دەربارەی بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستاندا، چونکە بڕیارەکە پێچەوانەی ھیچ یاسایەکی عێراقی نییە و ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی ھەر پارێزگایەک دەسەڵاتیان ھەیە بڕیار دەربارەی ھەر پرسێکی تایبەت بە سنوورەکەیان بدەن، ئەوەیشی کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کردی بڕیارێکی مێژووییی گرینگە و پەیوەندیی بە چارەنووسی خەڵکی کەرکووکەوە ھەیە بۆ دیاریکردنی پاشەڕۆژی خۆیان.''
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم، ئەنجومەنی ھەر شار و شارۆچکەیەک بڕیار بدات بۆ بەشداریی ڕیفڕاندۆم سندووقی دەنگدانیان بۆ دابین دەکرێت.
(کەریم بەحری) دەشڵێت: ''بە گوێرەی دەستووری عێراق دەبوو پێشتر لەو ناوچانەی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستوورن ڕیفڕاندۆمیان تێدا بکرێت، بەڵام بەغدا دەستوور جێبەجێ ناکات و، مافی خەڵکی کەرکووکە لەگەڵ ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستاندا، ئەوانیش بەشداری بکەن و بڕیار لەبارەی ناوچەکەیانەوە بدەن، لەڕووی دەستوورییەوە ھیچ ڕێگرییەک نییە و بگرە زۆریش یاسایی و دەستوورییە.''
kdp-
