"زۆرینەی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ لە ڕیفراندۆمدا بەشدار دەبن"

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتڕاستی کردەوە، ھەر ناوچەیەکی کوردستانیی سنووری ماددەی ١٤٠ بڕیاری خۆی دابێت، بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا دەکات و ڕوونی کردەوە، بەھۆی دەستەڵاتی عێراق و حەشدی شەعبی سێ شارۆچکە ماون، بڕیاری خۆیان بدەن.

(نەسرەدین سندی)، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، خەڵکی ھەرێمی کوردستان چاوی بڕیبووە ئەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا جیاوازیی نێوان پێکھاتەکانی عێراق نەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش ساڵی ٢٠٠٥ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەنگی بۆ دەستووری ئێستای عێراق دا، بەڵام بەداخەوە، عێراق پابەندی ئەو پەیمانە نەبوو، کە عێراقی لەسەر بنیاد نراوە و دەستوور و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکران.''

ئەنجومەنی ئەو ھەموو شار و شارۆچکانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە بڕیاری ئەوەیان دەرکردووە، کە بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا بکەن. وەک سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت: ''تەنیا ئەو ناوچانەی وەک بەرتللە و حەمدانییە و سەعدیە ماون بڕیاری خۆیان بدەن، دەرنەچوونی بڕیاری ئەو ناوچانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەکەونە بن دەسەڵاتی عێراق و حەشدی شەعبییەوە.''

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''دەستە پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ھەموو ئەو ناوچانەی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەکات، کە بڕیاریان داوە بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا بکەن، ئەگەر بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بگاتە دەستمان بەیانی ڕەوانەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی دەکەین، تا کار بۆ جێبەجێکردنی بکەن و بنکەی دەنگدان لەو سنوورانە دەکرێتەوە''

(نەسرەدین سندی) ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئێمە داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ دابینکردنی ڕاوێژکاری یاسایی، تا کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بکەین و تا ئێستا لەگەڵ پێکھاتەکانی وەک مەسیحی و کلد و ئاشوور کۆ بوینەتەوە، بڕیاریشە بەیانی لەگەڵ تورکمانەکان کۆ ببینەوە، مەبەست لەو کۆبوونەوانەش ھەندێ ڕێگەی یاسایی و دەستوورییە، تا بیدەینە دەزگە پەیوەندارەکان.''
kdp-
Top