ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری بەشداریکردنی لە ڕیفراندۆم پەسەند کرد

 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری بەشداریکردنی لە ڕیفراندۆم پەسەند کرد
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردنی پارێزگاکە لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەرکرد.



لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 29/8/2017ی ئەو ئەنجومەنە کە بە سەرۆکایەتیی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوە چوو و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک تێیدا ئامادە بوو، ئەنجومەنەکە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە کەرکووک پەسەند کرد.



هاوکات لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێبوار تاڵەبانی ڕای گەیاند کە لە مانەوە لەگەڵ عێراقدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.



هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەسەر داوای 23 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە چوو و پێشنیازی بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم تاوتوێ کراوە، نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاندووە.



باسنیوز
Top