پێکهاتەکانی کەرکووک بە فەرمی پشتیوانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شارەکە دەکەن
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 29/8/2017ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت، نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکان ڕای خۆیان لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم خستە ڕوو.
لەو چوارچێوەیەدا نوێنەری پێکهاتەی عەرەب ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پشتیوانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەن و رای گەیاند: ”برایانی کوردمان لەسەر دەستی حکوومەتەکانی عێراق قوربانییەکی زۆریان داوە“.
هاوکات نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای گەیاند: ”پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەین و داوای گەڕاندنەوەی مافە شەرعییەکانی کەرکووک بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی دەکەین. من لە پێکهاتەی تورکمان داوا دەکەم کەرکووک بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و مافەکانمان لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا دەبینینەوە“. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەوان بیریان ناچێت چۆن پێشمەرگە بەبێ جیاوازی پارێزگاری لە پێکهاتەکانی کەرکووک کردووە و ئاشکرای کرد بە (بەڵێ) بەشداری لە ڕیفراندۆم دەکەین.
لە لایەن خۆشیەوە نوێنەری پێکهاتەی کلدانی، سریانی و ئاشووری لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک باسی لەوە کرد کە دان بەوەدا دەنێن، گەلی کوردستان مافی خۆیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، هەوڵەکانی بخاتە گەڕ. گوتیشی: ”ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی بەند و ماددەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکانی مرۆڤە“.
نوێنەری کلدان و ئاشووری و سریان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە: ”وەک گەلی خۆمان لە تەک کوردەکان زۆرمان ئازار و مەینەتی لەدەست حکوومەتەکانی عێراق چەشتووە و هیوا دەخوازین بەشداریی کارا لە داهاتووی ئەو پارێزگایە و هەرێمی کوردستان بکەین. چارەنووسی ئەم ڕیفراندۆمە بە هەموومانەوە پەیوەستە و ئێمەش دەگرێتەوە. داوا دەکەین بەشداریمان پێ بکرێت، هەروەها مافە نەتەوەییەکانمان لە چوارچێوەی ئەم پارێزگایە و لە هەرێمی کوردستاندا جێگە بکرێتەوە. ئەمە خواستی گەلەکەی ئێمەیە بۆ داهاتووی بەیەکەوەییمان“.
باسنیوز
