باڵێکی پەکەکە داوای لە گۆڕان کردووە بەبێ مەرجی دواخستنی ریفراندۆم لەگەڵ پارتی رێک نەکەون
شاندێکی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، بە ناوی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان PKKیە و لە لایەن جەمیل بایک و سەرکردە عەلەوییەکانی ناو پەکەکەوە ئاراستە دەکرێن، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەتەوە و بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگەدار، ئامۆژگاریی گۆڕانیان کردووە، بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو مەرجەیان نەبن کە لە پەیامە پێنج خاڵییەکەیان بۆ دانوستان بە پارتییان داوە و داوای دواخستنی ریفراندۆمیان کردووە.
سەرچاوەکە بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرەکانی پەکەکە بە سەرکردەکانی گۆڕانیان راگەیاندووە، ئەگەر ریفراندۆم لە کوردستان دوابخرێت، لە ماوەی ئەو دواخستنەدا بە ھاوبەشی لەگەڵ گۆڕان و باڵێکی یەکێتی و ئەو پارت و کەسایەتییانەی لە سلێمانی لێیان دێنە پێشەوە، کۆنگرەیەک بەناوی کۆنگرەی نەتەوەیی بەبێ پارتی ئەنجام دەدەن و خۆیان وادەیەک بۆ ریفراندۆم دیاری دەکەن.
ھەر بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، پەکەکە لە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە چەندین بارەگای بە ناوی جیا جیا کردووەتەوە و رۆژانە چالاکی و کۆبوونەوە بۆ ئەندامان و رێکخستنەکانی خۆی رێکدەخات.
لەمبارەوە ئاژانسی (رۆژنیوز)ی نزیک لە پەکەکە، لە ھەواڵێکیدا ئاشکرای کردووە کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەو شاندە کە پێکھاتبوون لە سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە و حسێن ئەحمەد، نوێنەری کەجەکە لە باشووری کوردستان و مەروان دۆزوان، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە و لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی لەگەڵ ھەر یەک لە عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و جەلال جەوھەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان کۆبوونەتەوە.
سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی شاندەکەی PKK، بۆ میدیای حزبەکەی خۆی رای گەیاندووە: "ئێستا پرسی ھەرە گرنگ بۆ کورد، یەکێتیی نەتەوەییە و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە”.
لە بارەری ھەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، ئەو نوێنەرەی پەکەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە ھەڵوێستیان "زۆر باش بووە"، بەڵام میدیای گۆڕان بە ھیچ شێوەیەک باسی سەردانی ئەو شاندەی پەکەکەی نەکردووە.
بەڵام بێستوون فایق، پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە لە سلێمانی بارەگا و شوێنی ھەیە، بەڵام ئەو ناوچەیە لەژێر ھەژموونی پەکەکەدا نییە، گوتیشی: “پەیوەندییەکانی گۆڕان و پەکەکە ھەروەکو پەیوەندیی لایەنەکانی دیکەیە لەگەڵ ئەو ھێزە و ئێمە وەکو گۆڕان بوونی بارەگا و چالاکییەکانیان لە سلێمانی بە ئاسایی دەبینین و بە گرفتی نازانین”.
بەڵام، بەپێی زانیاریەکانی (باس) خەڵکێکی زۆر لە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە سکاڵای رفاندنی منداڵەکانیان لەلایەن پەکەکەوە بۆ قەندیل لە دادگاکان تۆمار کردوە.
پێشتر، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بۆ (باس) رای گەیاندبوو، ڕفاندنی منداڵ لە لایەن PKK کارێکە دژ بە رێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پاراستنی منداڵان کە ئەوانیش (رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ و پرۆتۆکۆڵی تایبەت بە بەکار نەھێنانی منداڵانە لە ملمڵانێ و ناکۆیەکانی لە کاتی جەنگدا و ھەروەھا بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت لە حکومتی فیدراڵیش یاسایی نییە و ھەر کارێک یاسایی نەبێت واتا تاوانێکی گەورەیە، بۆیە ئێمە بەکارھێنانی منداڵ لە ریزەکانی چەکداری و بەرەکانی جەنگ دووجار بە تاوان دادەنێین جارێک کە رفاندنی منداڵ کە خۆی لە خۆیدا تاوانە و لە لایەکی تریشەوە بەکارھێنانیان لە جەنگدا کە ئێمە بە گوێرەی سەنەدە نێودەوڵەتی و یاسا عێراقی و کوردستانیەکان بە تاوانی لە قەڵەم دەدەین.
لای خۆشیانەوە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئاگاداریی ھەموو ھەوڵەکانی ئەو باڵەی پەکەکەن لە بەکارھێنانی گۆڕان و لایەنی دیکە، بەڵام دڵنیایی دەدەین کە ھەوڵەکان شکستخواردوو دەبن لەبەرامبەر ئیرادە و دەنگی خەڵکی کوردستان، گوتیشی: “ئەو باڵەی پەکەکە ھیچ چەکێکی دیکەی بەدەستەوە نییە غەیری بەکارھێنانی گۆڕان و کۆمەڵ نەبێت، کە ھەڵوێستیان لەبەرامبەر بە ریفراندۆم روون نییە، بەڵام ھیوادارین ئەوانیش لەو مەرامانە بگەن و لەو ئەجێندایانە دوور بکەونەوە”.
لای خۆشیەوە، شێرزاد زەکەریا، چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند: ''باڵێکی نێو پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، پیلانی ھەیە لەگەڵ نیزیکبوونەوەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، کێشە لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا دروست بکات، گوتیشی : “ئەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە روودەدەن ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکەن''
باسنیوز
