رۆژنامەیەكی ژاپۆنی: ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان سەردەكەوێ

رۆژنامەیەكی ژاپۆنی: ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان سەردەكەوێ
رۆژنامەیەكی ژاپۆنی لە بابەتێكدا لە ژێر ناونیشانی "هەرێمی كوردستان دەنگ بەسەربەخۆیی دەدات" نووسیویەتی لە هەنگاوێكی كەم وێنەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی چارەنووسی خۆی دیاری دەكات.


ماڵپەری (ئەیژیان ریڤیو)ی ژاپۆنی بڵاوی كردووەتەوە "مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە كۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكان، داوای لە گەلی كورد كرد لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی، چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن. ئەمەش واتای رێگە خۆشكردنە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە باكووری عێراق كە دانیشتوانەكەی دەگاتە شەش ملیۆن كەس، ئێستە ٢٠٪ی كۆی دانیشتوانی عێراق پێك دێنن".


رۆژنامەكە نووسیویەتی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان و لە ئەنجامی رێككەوتنی سایكس -پیكۆ بەسەر چوار دەوڵەت دابەش كراون، دەشنووسێ هەرێمی كوردستان هێزێكی سەربازی قارەمانی بەناوی پێشمەرگە هەیە كە زۆر جێگای متمانەی ئەمەریكان و پشتیان پێ دەبەستێ وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی لە ناوچەكە و هەر ئەم هێزانەش بوون توانیان ئەفسانەی داعش تێكبشكێنن.


رۆژنامەكە دووپاتی كردەوە ئەو ریفراندۆمەی بریارە لە بیست و پێنجی نۆ بەرێوە بچێت هەنگاوێكی گرنگە بەرەو سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە ئێستە خاوەن دامودەزگای حكومین و ئەزموونی باشیان هەیە لە دەوڵەتداریدا.


جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە شەری داعش دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ ئەم هەرێمە، كە بەهۆیەوە بوون بە خاوەن سوپایەكی رێكخراو تاكو سنوورەكانیان پێ بپارێزن و بگەن بە خەونی لەمێژینەیان كە ئەویش بریتیە لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان.


لە كۆتاییدا رۆژنامەی ئەیژیان ریڤیو باس لە ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات و دەنووسێ هەرچەند لە كورتخایەن تووشی قەیران هاتوون، بەلام لە داهاتوودا بەهۆی دەوڵەمەندیان بە یەدەگی نەوت بە تایبەت شاری كەركووك و دەوروبەری، ئەوا چەكێكی ئابووری باشیان لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی ببن بە دەوڵەتێكی بەهێز لە ناوچەكە.

bas news-
Top