مەخموورییەکان دەڵێن بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم ناوچەکەمان دەگەڕێنینەوە سەر هەرێم
(خدر کەریم)، پیشەی فەرمانبەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''داوکارین لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، سندووقی دەنگدان بۆ ناوچەی مەخموور دابین بکرێت، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولدا بتوانین دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی جەماوەری کوردستان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، چونکە مەخموور بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە و نەھامەتیی زۆر چەشتووە لە پێناو کوردبوونی خۆیدا، حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق مەخموورییەکانیان ڕووبەڕووی تەعریب و تاڵانکردن و ڕاگواستن کردووتەوە، مڵکی کورد داگیر کراوە، لەبەر ئەوە دەمانەوێ ببینە بەشێک لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.''
لای خۆیشیەوە، (غازی بندیان)، ھاووڵاتییەکی دیکەی قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''قەزای مەخموور لە ھەموو شۆڕشەکانی گەلی کوردستاندا لە ڕێزی پێشەوەی قوربانیداندا بووە، بۆیە داواکارین ڕیفڕاندۆم لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ ئەنجام بدرێت و چارەنووسمان لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت بۆ سەربەخۆییی یەکجارەکی.''
پێشتر (ڕزگار محەمەد)، قایمقامی قەزای مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: ''بە نووسراوی فەرمی ئەو داواکارییەی مەخموورییەکانی گەیاندووەتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و زۆرینەی خەڵکی مەخموور بە کورد و عەرەبەوە داوای گەڕانەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە ڕیفڕاندۆمدا دەکەن.''
(سیروان فارس)، پیشەی جووتیارە، لە گوندێکی نیزیک شارۆچکەی مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خۆم بە ماڵ و منداڵەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە ژێر ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و تۆپبارانەکانیاندا ژیانمان دەرباز کردووە و سەرەڕای ئەوەی کەمئەندامیشم لە کاتی ھێرشی داعش بۆ سەر مەخمووردا ئامادە نەبووم گوندەکەم بەجێ بێڵم و شەڕێکی دەستەویەخەی تیرۆریستانی داعشم کرد، پێم وایە لە ڕۆژی ڕیفڕاندۆمدا ٩٠%ی خەڵکی سنووری مەخموور بە (بەڵێ) بەشداریی ڕیفڕاندۆم دەکات، چونکە ئێستاش مەترسیی داعش بۆ سەر مەخموور ماوە و بە جیابوونەوەمان لە عێراق ڕزگارمان دەبێت لەو ژیانەی پێشتر.''
kdp-
