خەڵکی خانەقین، جەلەولا و شنگال: دەمێکە گوتوومانە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم
بە پێی نووسراوێکی ئەنجومەنی خۆجێیی شارەدێی جەلەولا، کە واژۆی (جەلیل محەمەد ڕەشید)، سەرۆکی ئەنجومەنەکەی لەسەرە، هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە کۆی دەنگ بڕیاری بەشداریکردنیان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا داوە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بڕیارەی ئەوان بۆ ڕێزگرتنە لە خوێنی پاکی شەهیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ئاسایش، کە گیانی خۆیان بۆ ڕزگارکردنەوەی شارەدێی جەلەولا کردە قوربانی. هاوکات ئیدارەی شنگال لە نووسراوێکدا داوای کردووە، ڕیفراندۆم لە کات و ساتی خۆیدا لە شنگال بکرێت و هەڵمەتی ڕیفراندۆمیش لەوێ ئەنجام بدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە 7.6.2017ی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیار درا، ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان ئەنجام بدرێت.
(مەحما خەلیل)، قایمقامی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات و ڕزگاركردنی خەڵكی ئێمەیە، بۆ بەرژەوەندیی دایك و خوشكەكانمانە و تا ئێستا سێ هەزار و 71 كچ و ژن و پیاوی ئێزدی لە دوای ئازادكردنەوەی شنگال ڕزگار كراون و، لە هەوڵی ڕزگاركردنیان بەردەوامین. تا ئێستا سێ هەزار و 356 كەسیش چارەنووسیان نادیارە، دەبێت خەڵكی شنگال بزانێت کە ڕزگاركراون بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو كەس و لایەنانە بووە، كە هاوكاریی پرۆسەكەیان كردووە، هەركەس هاوكاریی كردبێت، سوپاسیان دەكەین.''
قایمقامی شنگال گوتیشی: ''ئێزدییەكان بەڵێنیان داوە پشتیوانیی ڕیفراندۆم بكەن، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشت و پەنایان بووە، سنووری شنگالیش دەنگدانی لێ دەكرێت بۆ ڕیفراندۆم.''
هاوکات، (شێخ جەعفەر مستەفا)، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حزب و لایەنە کوردستانییەکانی خانەقین بە یەک دەنگ و ھەڵوێست خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ئامادە کردووە و ھیچ ناکۆکی و کێشەیەکمان نییە لەوەی پێویستە ڕیفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان. لە ڕۆژانی داھاتووشدا دەست بە بانگەشەی ڕیفڕاندۆم دەکرێت و ئەنجومەنی قەزای خانەقین لەگەڵ ناحیەکانی جەلەولا و سەعدییە و ھەموو ناوچەکانی دیکەی سەر بە دیالە، کە خاکی کوردستان بێت، ئەوان دەمێکە بڕیاری خۆیان داوە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و ڕیفڕاندۆم ئەنجام بدرێت.''
خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چاوەڕانی ئەوە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەو زۆڵمەی بەغدا ڕزگاریان بێت و بیانگەڕێننەوە سەر ھەرێمی کوردستان.
(شێخ جەعفەر مستەفا) گوتیشی: ''کورد و عەرەب و شیعە و تورکمان لە خانەقین ھەن، زۆربەی ھەرەزۆریان لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییدان، تەنانەت ساڵێکە شێخ و کەسایەتییە عەرەبەکانی ناوچەکە و ناوچەی حەمرین سەردانمان دەکەن و داوا دەکەن کار بکرێت بۆ ئەوەی خانەقین بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەش ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆ نابینم لە خانەقین و دەنگی (بەڵێ) زۆر زیاترە لە نەخێر.''
kdp-
