چاودێران؛ نابێ ھیچ دەزگایەک پێچەوانەی یاسا بانگەشە بۆ ڕیفڕاندۆم بکات

 چاودێران؛ نابێ ھیچ دەزگایەک پێچەوانەی یاسا بانگەشە بۆ ڕیفڕاندۆم بکات
چاودێران و شارەزایان پێیان وایە، پێویستە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی ڕیفڕاندۆم بە گوێرەی یاسا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەس و دەزگایانە بکرێت، کە پێچەوانەی یاساکان کار دەکەن و، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت، بە ناوی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە زیادەڕۆیی زۆر دەکرێت.

(عەبدولسەلام بەرواری)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێم وایە پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکان سزای ئەو کەس و دەزگایانە بدەن، کە بە ناوی بانگەشەی ڕیفڕاندۆمەوە سووکایەتی بە پرسە نیشتمانییەکان دەکەن، من ناڵێم ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا بگیرێتە بەر کە بانگەشەی نەخێر بۆ ڕیفڕاندۆم دەکەن، چونکە خەڵک ئازادە، چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر خەڵکێک بە ناوی جیاجیا سنوورەکان ببەزێنێت، ئەوە جێگەی قبووڵکردن نییە و یاسا عێراقییەکان سزایان بۆ ئەو کەس و لایەنانە دیاری کردووە.''

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٥ی ئەیلوولی دیاری کردووە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی ڕیفڕاندۆم و بڕیارە ھاووڵاتییان بە کەرنەڤاڵی نیشتمانی پێشوازی لە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بکەن.

لای خۆیشیەوە، (عەدنان یوسف)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''زۆر ڕێگەی یاسایی ھەن بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێنە بەر، بەتایبەت بە گوێرەی یاسای ڕۆژنامەوانیی ژمارە ٣٥، کە ماددەکانی نێو یاساکە بە ڕوونی باسیان لەو زێدەڕووییانە کردووە، بەداخەوە بە ناوی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنەوە ڕۆژانە دەبینین زێدەڕۆیی زۆر دەکرێت، لەگەل ئەوەشدا، من پێم وایە کات زۆر کەمی ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، پێویستە گوێ لە ھەندێ دەزگەی میدیایی نەگیرێت و کار بۆ بانگەشەی ڕیفڕاندۆم بکرێت.''
kdp-
Top