کادیرێکی یەکێتی: کاتی ئەوەیە پارتی و یەکێتی بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدەن

 کادیرێکی یەکێتی: کاتی ئەوەیە پارتی و یەکێتی بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدەن
کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رای دەگەیەنێت کە ئێستا کاتی ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدەن، چونکە گۆڕان بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون ھەنگاو دەنێت.

دانا نەقی، کادری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە یەکێـتی و پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدەن، چونکە من پێم وایە ھەرچەندە ڕێککەوتن لە کاری سیاسییدا گرنگ بێت، ئەوا بڕیاردان لە ڕێککەوتن گرنگترە، بۆیە پێشم وایە ئێستا کاتی بڕیاردانە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەوەش ئەو بەربەستانەی لە پێش بابەتە نیشتمانی و نەتەوەیەکان ھەیە لاببرێت، ھەروەھا پرسی ڕیفراندۆمیش بە یاسایی بکرێت".

ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو کە گۆڕان کاتێک ئامادەی ئەوەی تێدا نەبێت لەگەڵ لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بگاتە ڕێککەوتن، ئەوا من پێموایە کە ھەنگاو بۆ ئەوە دەنێت وەک پێشتر ببێتەوە ئۆپۆزسیۆن.

ئاشکراشی کرد: "دروستکردنی ھەر بەربەستێک بۆ پەرلەمان، دەست بردنە بۆ دەزگایەکی شەرعی خەڵکی کوردستان، ئەگەر پەکخستنی پەرلەمان لەوە زیاتر درێژە بکێشێت، بەوەش پڕۆسەی دیموکراسی کەموکوڕییەکی زۆری دەبێت".

لە ناوەڕاستی ھەفتەی ڕابردوودا، شاندێکی باڵای پارتی، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کۆبوونەوە کە تێیدا پارتی پاکێجێکی 6 خاڵی پێشکەش بە گۆڕان کرد، بەڵام تاوەکوو ئێستا بە فەرمی وەڵامیان نەدراوەتەوە.











باسنیوز
Top