ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: دەبێ گۆڕان بە فەرمی وەڵامی پارتی بداتەوە

 ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: دەبێ گۆڕان بە فەرمی وەڵامی پارتی بداتەوە
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناوخۆ، پارتی پاکێجێکی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە پارتی چاوەڕوانی وەڵامی ئەو پاکێجە دەکات.



عارف ڕوشدی، ڕاگەیاند: ”پارتی پاکێجێکی شەش خاڵی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان کە پرسی چاکسازیی حکوومەت و باسی قەیرانی دارایی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی حزبەکانی تێدایە و دواتر لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان قسە کراوە، بۆیە دەبێت بە (بەڵێ) یان (نەخێر) وەڵامی پاکێجی پارتی بدرێتەوە، چونکە ئەمە دەرگای گفتوگۆ دەکاتەوە و دەبێت وەڵامدانەوەکەش بە فەرمی بێت، چونکە ئەو پاکێجانە بە فەرمی پێشکەش کراوە".




ئەوەشی دووپات کردەوە کە پارتی سەرجەم مەرجەکانی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان لاداوە، ”کاتێک باسمان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردووە، تەنیا باسمان لەو خاڵە کردووە، بەڵام ئەوان پرسی حکوومەت و چەند پرسێکی دیکەیان بە یەکەوە بەستووەتەوە، لە کاتێکدا دەبوو تەنیا جەخت لە خاڵی پەرلەمان بکرابایەتەوە، چونکە ئەوە گرێ کوێرەیە".



لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و پارتی پاکێجەکەی بە گۆڕان دا، بەڵام تاوەکوو ئێستا گۆڕان وەڵامی نەداوەتەوە.



باسنیوز
Top