ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگ لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی دەدات
بڕیارە رۆژی سێشەممە 28-8-2017، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە و بابەتی ئەنجامدانی گشتپرسی لە کەرکووک و دەوروبەری تاوتوێ بکات و دەنگی لەسەر بدات، دواتر بەفەرمی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات ئەو پرۆسەیە لە کەرکووکیش ئەنجامبدرێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت: وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ فراکسیۆنی برایەتی لەگەڵ هەریەک لە فراکسیۆنەکانی عەرەب و تورکمان کۆبوونەوە و دانیشتنی تایبەت ئەنجامدەدات، بۆئەوەی هەوڵبدەن ئەوانیش رازی بکەن لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبن.
ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی دانیشتنیان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تورکمانی و عەرەبی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ بەو برایانەمان دەڵێین، ئێمە وەکو لیستی برایەتی لەسەرەتاوە کاتێک 12 ساڵ پێش ئێستا هەڵبژێردراین، بە خەڵکی کەرکووکمان گوت دەمانەوێت ماددەی 58 ی دەستوور جێبەجێ بکەین و کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئێمەش بەرامبەر دەنگدەرانی خۆمان ئەو ئیلتیزامەمان هەیە".
ئەحمەد عەسکەری دەڵێت: "ئێستا ئەو کاتە هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات و ناکرێت ئێمە لێی دواکەوین، ئێمە ئەو بڕیارە دەدەین فەرموون ئێوەش دەتانەوێت چۆن بەشداربن لەگەڵماندا بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش، لەگەڵیان دانوستاندن دەکەین، چونکە لەنێو ئەو برایانە چەند رایەک هەیە، تەنانەت لەدەرەوەی ئەو برایانەش خەڵکی دیکە هەیە رای جیاوازیان هەیە، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی ئەو برایانە لەگەڵماندا دەنگ بدەن و بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆئەوەی بە هەموومان بڕیارێک بدەین لە بەرژەوەندی کەرکووکدا بێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵیان دانوستاندن دەکەین، پێیان دەڵێین فەرموون لە مەسەلەی بەڕێوەبردن و حکومداریدا ئێوە چیتان پێباشە، ئێمە دەتوانین رێککەوتنتان لەگەڵ بکەین".
عەسکەری بە ئاماژەکردن بەوەی ئەوان لەو کۆبوونەوەیەدا عەرەب و تورکمانەکان دڵنیادەکەنەوە لەوەی ئەو دەوڵەتەی لە کوردستان دادەمەزرێت تەنیا دەوڵەتێک نابێت بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت، گوتیشی: "بەتایبەتی بۆ کەرکووک دەتوانرێت لەنێو ئەو دەوڵەتەدا مافێکی نیمچە سەربەخۆی هەبێت وەکو لامەرکەزی، شتێک بێت هەموو لایەکمان پێی رازیبین، ئەوسا ئێمە لە کەرکووک دەتوانین هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە و بە یەکسانی بەڕێوەببەین، بەبێ ئەوەی جیاوازای لەنێوان هیچ نەتەوەیەکدا بکرێت".
رووداو
