ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگ لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی دەدات

 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگ لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی دەدات
رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، فراکسیۆنی برایەتی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو ئەنجوومەنەکە کۆدەبێتەوە و داوایان لێدەکات لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە بەشداربن. سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی دەڵێ: "دانوستاندنیان لەگەڵ دەکەین و پێیان دەڵێین فەرموون لە پرسی بەڕێوەبردن و حکومداریدا چیتان پێباشە ئێمە دەتوانین لەگەڵتان رێکبکەوین".

بڕیارە رۆژی سێشەممە 28-8-2017، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە و بابەتی ئەنجامدانی گشتپرسی لە کەرکووک و دەوروبەری تاوتوێ بکات و دەنگی لەسەر بدات، دواتر بەفەرمی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات ئەو پرۆسەیە لە کەرکووکیش ئەنجامبدرێت.

پەیامنێری رووداو دەڵێت: وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ فراکسیۆنی برایەتی لەگەڵ هەریەک لە فراکسیۆنەکانی عەرەب و تورکمان کۆبوونەوە و دانیشتنی تایبەت ئەنجامدەدات، بۆئەوەی هەوڵبدەن ئەوانیش رازی بکەن لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبن.

ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی دانیشتنیان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تورکمانی و عەرەبی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ بەو برایانەمان دەڵێین، ئێمە وەکو لیستی برایەتی لەسەرەتاوە کاتێک 12 ساڵ پێش ئێستا هەڵبژێردراین، بە خەڵکی کەرکووکمان گوت دەمانەوێت ماددەی 58 ی دەستوور جێبەجێ بکەین و کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئێمەش بەرامبەر دەنگدەرانی خۆمان ئەو ئیلتیزامەمان هەیە".

ئەحمەد عەسکەری دەڵێت: "ئێستا ئەو کاتە هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات و ناکرێت ئێمە لێی دواکەوین، ئێمە ئەو بڕیارە دەدەین فەرموون ئێوەش دەتانەوێت چۆن بەشداربن لەگەڵماندا بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش، لەگەڵیان دانوستاندن دەکەین، چونکە لەنێو ئەو برایانە چەند رایەک هەیە، تەنانەت لەدەرەوەی ئەو برایانەش خەڵکی دیکە هەیە رای جیاوازیان هەیە، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی ئەو برایانە لەگەڵماندا دەنگ بدەن و بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆئەوەی بە هەموومان بڕیارێک بدەین لە بەرژەوەندی کەرکووکدا بێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵیان دانوستاندن دەکەین، پێیان دەڵێین فەرموون لە مەسەلەی بەڕێوەبردن و حکومداریدا ئێوە چیتان پێباشە، ئێمە دەتوانین رێککەوتنتان لەگەڵ بکەین".

عەسکەری بە ئاماژەکردن بەوەی ئەوان لەو کۆبوونەوەیەدا عەرەب و تورکمانەکان دڵنیادەکەنەوە لەوەی ئەو دەوڵەتەی لە کوردستان دادەمەزرێت تەنیا دەوڵەتێک نابێت بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت، گوتیشی: "بەتایبەتی بۆ کەرکووک دەتوانرێت لەنێو ئەو دەوڵەتەدا مافێکی نیمچە سەربەخۆی هەبێت وەکو لامەرکەزی، شتێک بێت هەموو لایەکمان پێی رازیبین، ئەوسا ئێمە لە کەرکووک دەتوانین هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە و بە یەکسانی بەڕێوەببەین، بەبێ ئەوەی جیاوازای لەنێوان هیچ نەتەوەیەکدا بکرێت".








رووداو
Top