یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان چاوەڕێی قسەی كۆتایی گۆڕانە

 یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان چاوەڕێی قسەی كۆتایی گۆڕانە
بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان پارتی چاوەڕێی یەكێتی دەكات، یەكێتیش چاوەڕێی كۆبوونەوەی سەركردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی دەكات، سەركردەیەكی گۆڕانیش دەڵێ‌ "ئەگەر یەكێتی بەبێ‌ ئێمە لەگەڵ پارتی رێبكەوێ و پەرلەمان كارا بكەنەوە، قسەی جدی و جیاوازمان لەسەر رێككەوتنی نێوانمان دەبێت".

رۆژی 27/7/2017 لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیار درا تاوەكو 10ی ئاب پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە. رۆژی 30/7/2017یش، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ماوەی دوو هەفتەی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دیاری كرد، بەڵام بەهۆی كۆبوونەوەی رۆژی 21/8/2017 لە نێوان پارتی و گۆڕان كاراكردنەوەی پەرلەمان دواخرا.

گۆڕان: یەكێتی بەبێ‌ ئێمە پەرلەمان كارا بكاتەوە قسەی جدیمان دەبێ‌


ئیسماعیل نامیق، ئەندامی شاندی دانوستانكاری گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند "داواكارییەكانی پارتیمان پێ سەیرە، دەسەڵات و دارایی لەلای ئەوانە، كەچی داوامان لێدەكەن پشتگیری حكومەت بكەین تا بژێوی خەڵك چاك بكات".

"پارتی یاری بە كات دەكات"

ئیسماعیل نامیق پرۆژە شەش خاڵییەكەی پارتی بۆ گۆڕان بە یاریكردن بە كات وەسف دەكات و دەڵێ‌ "برادەرانی پارتی لە یاریكردن بە ئەعسابی بەرامبەر خەبیرن، وەختی خۆشی بەرامبەر یەكێتی وایان دەكرد، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پەرلەمان بەبێ‌ رێككەوتنی پێشوەختە بۆ ئەجێندای هیچ حیزبێك ئاسایی ناكاتەوە، دەبێ‌ پارتی داوای لێبوردن بكات و بەڵێن بدات كە رێز لە دامەزراوە شەرعییەكان دەگرێت و جارێكی دیكە دەست بۆ شكۆی پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكە ناباتەوە".

بەڵام جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت گۆڕان حەزیان لە گەڕانەوە نییە. جەعفەر ئییبراهیم كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیشە، بە (رووداو)ی گوت: "تێگەیشتنێك لای ئێمە دروستبووە وەكو بڵێی بزووتنەوەی گۆڕان حەزیان لەوە نەماوە بێنە نێو پەرلەمان و پەرلەمان كارا بكەنەوە، هەڵوێستی ئێمە لە كاراكردنەوەی پەرلەمان وابەستەیە بە هەڵوێستی یەكێتی، هەرچەندە پێمان خۆش نییە بەبێ گۆڕان هیچ بڕیارێك بدرێ‌".

پارتی: لەگەڵ گۆڕان نەگەیشتووین بە دەرگای داخراو


لە دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی كە رۆژی 29/7/2017 بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گوتبووی "ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێش، ئەوكات قسەی خۆمان دەكەین و تا سەر چاوەڕێی گۆڕان ناكەین".

بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "ئێمە چاوەڕێی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان دەكەین بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان بدەن".

هەفتەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان كراوە لە حاڵەتی شكستهێنانی كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بە (رووداو)ی گوت "پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی داوایانكرد بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەركردایەتی بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدرێ‌، ئەوەش پێچەوانەی پەیڕەوی نێوخۆی یەكێتییە، چونكە دەنگدان لەسەر پرسێكی چارەنووسساز پێویستی بە 50+1 ی دەنگی ئەندامانی سەركردایەتی هەیە، نەك دوو لەسەر سێ، بەڵام ئەو داواكارییەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز لە ترسی موزایەدەی هەندێك ئەندامی سەركردایەتی بووە، چونكە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ‌ گۆڕان لەگەڵ پارتی كاردانەوەی توندی لێدەكەوێتەوە، یەكێتیش نایانەوێ‌ هەڵەی 19ی ئاب دووبارە بكەنەوە".
سەركردەیەكی گۆڕان: پارتی لە یاریكردن بە ئەعسابی بەرامبەر خەبیرە

سالار مەحموود، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت: "بە مەكتەبی سیاسیمان راگەیاندووە پێویستە یەكێتی لە نەهاتنە پێشەوەی گۆڕان بڕیاری خۆی بدات و پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت كە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنە، كار لەسەر جێگیركردنی سیستەمی پەرلەمانی، هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە، بە یاساییكردنی ریفراندۆم و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكات بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو".

پارتی هێشتا لە گۆڕان نائومێد نەبووە، بەپێی قسەی چەند سەركردەیەكی پارتی بۆ (رووداو)، ئەوان بە ئومێدەوە چاوەڕێی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی دەكەن. سەركردەیەكی پارتی بە (رووداو)ی گوت "ئەوەی لەسەر ئێمە بوو كردمان، چاوەڕێی قسەی كۆتایی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان دەكەین".

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "باشترین بژارە بەلای پارتییەوە، كۆدەنگیی نیشتمانییە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەگەرچی لەگەڵ گۆڕان رێكنەكەوتووین، بەڵام نەشگەیشتووین بە دەرگای داخراو".

دڵشاد شەهاب سەبارەت بە داوكارییەكانی گۆڕان، گوتی "ئەوان باسی رێككەوتنی سیاسی دەكەن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لە كاتێكدا رێككەوتن هەبوو ئەوان پێشێلیان كرد، ئەوان دەیانگوت نابێ‌ حیزب دەست لە كاروباری پەرلەمان وەربدات، كەچی ئێستا داوای رێككەوتنی حیزبی دەكەن، گۆڕان باسی رێككەوتن لەسەر مووچەی خەڵك دەكات لە كاتێكدا پارتی بۆ باشكردنی مووچە و بژێویی خەڵك كە زۆربەی مووچەخۆران لایەنگری ئێمە و یەكێتین، چاوەڕێی گۆڕان ناكات هەر كاتێك داهات باش بێت، دەستكاری مووچە دەكرێت، چونكە رێككەوتنی پارتی و گۆڕان نرخی نەوت بەرز ناكاتەوە".

دڵشاد شەهاب: رێككەوتنی پارتی و گۆڕان نرخی نەوت بەرز ناكاتەوە

(رووداو) زانیویەتی یەكێتی داوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی لە گۆڕان كردووە، بڕیار بوو ئەو كۆبوونەوەیە رۆژی 25/8/2017 لە سلێمانی بەرێوەبچێت، بەڵام بۆچوونێكی بەهێز لە نێو بزووتنەوەكە كۆبوونەوەكەی دواخست، بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان ئەو كۆبوونەوەیە بە پێویست نازانن.

بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند: "گۆڕان قسەی فەرمی و كۆتایی خۆی بە پارتی لەسەر پەرلەمان و هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پرسەكانی دیكە وەكو بژێویی خەڵك بە پارتی گوتووە، بۆیە پێویست بە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی هاوبەش ناكات".

ئیسماعیل نامیق كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتییە لە بارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ‌ گۆڕان دەڵێ‌ "رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی ماددەیەكی تێدایە ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ لایەنێك ناتوانێت رێككەوتن لەگەڵ لایەنی سێیەم دژی ئەم رێككەوتنە واژۆ بكات، ئەگەر یەكێتی بەبێ‌ گۆڕان بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەبێ‌ چارەسەركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان ئاسایی بكاتەوە ئێمەی قسەی جدیمان دەبێ‌ و قسەی كۆتایی لەسەر رێككەوتنەكەمان لەگەڵ یەكێتی دەكەین، چونكە قبوڵ ناكەین پەرلەمان بۆ كاری نایاسایی و ئەجێندای شەخسی و حیزبی ئاسایی بكرێتەوە".





رووداو
Top