ئاڵای ئیسرائیل لە ئاهەنگەكەی كۆڵن سەرنجی میدیا عەرەبیەكان رادەكێشێ
لە دوێنێ شەممەوە زۆرێك لە میدیا عەرەبیەكان پرسیاری ئەوەیان ورووژاندووە داخوا بۆچی لە ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستان لە كۆڵن، چەند ئاڵایەكی ئیسرائیل بەرز كراوەتەوە؟
لەمبارەیەوە ئیبراهیم كابان توێژەر لە ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی كورد لە ئەڵمانیا بۆ رۆژنامەی (ئەلوەتەن)ی میسری، ئاماژەی بەوە داوە كە هۆكارەكە سرووشتیە، چونكە ئەم ئاهەنگی ریفراندۆمی سەربەخۆییە لە كاتێكدایە كە ئیسرائیل داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردستانی دەكات لە عێراق، كەچی وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكە توركیا و ئێران رەتی دەكەنەوە كورد مافی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێ.
كابان ئاماژەی بەوە داوە كە سێ ملیۆن كورد لە ئەورووپا دەژین، نزیكەی یەك ملیۆن و نیویان لە ئەڵمانیان، ئەوانەی لە ئاهەنگەكەی كۆڵنیش بوون، ژمارەیان تەنها دە هەزار كورد بوو، بەڵام لەنێو ئەو كەسانەشدا، ژمارەیەكی كەمیان ئاڵای ئیسرائیلیان بەرز كردبووەوە.
دوێنێ لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا ئاهەنگی پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە بەشداریی هەزاران هاووڵاتی كورد و چەندین هونەرمەند بەڕێوەچوو.
باسنيوز
