ئاوارەكانی زومار دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
هەرچەند ئاوارەکان شەکەتى بەرووخساریاندا دیارە، بەڵام دڵخۆشن کە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، ئاوارەکان دەڵێن حکوومەتى خۆجێیی دهۆک و حکوومەتى هەرێمى کوردستان درێغى نەکرد لە پێشکەشکردنى هاوکارى و خزمەتکردنیان.
هەروەها سوپاسى هاووڵاتییان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن کە وەک خاوەن ماڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئاوارەکان کردووە.
لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان لە رۆژئاواى دیجلە، حەسەن خالۆ ئەندامى لێژنەى گەڕاندنەوەى ئاوارەکان لە رۆژئاواى دیجلە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی گوتى "ئەو خێزان و هاووڵـاتییانەى دەگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان ئەوانەن کە بە هیچ شێوەیەک تێوەنەگلاون لە کردەوە تیرۆریستییەکانى تیرۆریستانى داعش".
گوتیشى "لێژنەکەمان تایبەتمەندە بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بۆ سەر زێدى خۆیان، ئەم لێژنەیە لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر داواى ئاوارەکان دروست کراوە، لێژنەکە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى کارگێڕى و ئەمنى پێکهاتووە، لە کاروانى یەکەمى کارەکانمان هاووڵاتییانى پێنج گوند گەڕانەوە سەر زێدى خۆیان و بە ماڵ و حاڵى خۆیان شادبوونەوە، کە زیاتر لە 383 خێزان پێک هاتبوون".
ئەو ئەندامەى لێژنەى گەڕاندنەوەى ئاوارەکان دەڵێ "لە رووى کارگێڕییەوە بەڕێوەبەرى شارەدێى زومار و ئەنجوومەنى شارەدێى زومار لە رۆژئاواى دیجلە هەڵدەستن بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆیان".
حەسەن خالۆ دەشڵێ "کاروانى دووەمى گەڕانەوەى ئاوارەکان پێکدێن لە 187 خێزان، کە بۆ گوندى خراپ عاشق گەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان لە رۆژئاواى دیجلە کە هاووڵاتى عەرەبى ناوچەکەن، سێ ساڵ پێش ئێستا بەهۆى پەلامارى داعش ئاوارەى دهۆک و ناوچە جیا جیاکانى هەرێمى کوردستان بوون".
ئاماژەى بە ئامارى کۆتایی ئاوارە گەڕاوەکان دا و گوتى "کۆى گشتى ئاوارە گەڕاوەکانى رۆژ ئاواى دیجلە نزیکەى هەزار خێزان دەبن".
ئەندامى لێژنەى گەڕاندنەوەى ئاوارەکان لە رۆژئاواى دیجلە ئاشکراى دەکات کە ئاوارەکان لەسەر خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، داواى سەرەکییان ئەوەیە بەشدار بن لە ریفراندۆم و دەیانەوێت لە ریفراندۆمدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەمەیش لەوە سەرچاوەى گرتووە کە ژمارەیەکى زۆر لە پێشمەرگە لە پێناو رزگار کردنى ناوچەکە شەهید بوون و هەروەها لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان خزمەتى زۆریان کراوە.
