خەلۆ: دوای بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی، عەرەبەكانی سنووری زوممار دەگەڕێنەوە گوندەكانیان
لە دوای ھاتنی تیرۆریستانی داعش و ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچەكانی سنووری مووسڵ بۆ ھەرێمی كوردستان، كە ماوەی سێ ساڵە خەڵكی ئەو ناوچانە لەھەرێمی كوردستانن و پاش رزگاركردنی ناوچەكانیان لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و دواتریش پێكھێنانی ھێزكی پێشمەرگە لە خەڵكی ناوچەكانی رەبیعە و زمماری سەر بە قەزای تەلەعفەر، (سەرۆك بارزانی) بڕیاری دا كە خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
لەمبارەیەوە (حەسەن خەلۆ)، بەرپرسی لیژنهی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زوممار، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای بڕیارەكەی (سەرۆك بارزانی)، ئاوارەكانی سنووری ھەرێمی كوردستان ئەوانەی عەرەبن كە ماوەی سێ ساڵە لە ھەرێمی كوردستانن، دەستیان بە گەرانەوە بۆ گوندەكانی خۆیان كردووە و لە ماوەی رابردوودا خەڵكی پێنج گوند گەڕانەوە و دوێنێش خەڵكی گوندی شەشەم گەڕانەوە".
(خەلۆ) گوتیشی، دوێنێ ١٧٨خێزان گەڕاونەتەوە بۆ گوندی خراپئەلعاشق و گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوام دەبێت تاوەكو خەڵكی ئەو گوندانە ھەمووی دەگەڕێنەوە، ئەمانەش ئەوانەن كە ھیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە و دەستدرێژییان نەكردووەتە سەر خەڵكی ناوچەكە و پەیوەندییان بە داعشەوە نەبووە، چونكە ئەوەی تاوانێكی ئەنجام دابێت، رێگە نادەن بە ھیچ شێوەیەك بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە.
بەپێی گوتەی (خەلۆ)، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگەدان، خەڵكەكەیان بۆ بگەڕێتەوە بە تایبەت ئەوانەی كە ھیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێنەوە، كە ماوەی سێ ساڵە بە ھۆی ھاتنی داعشەوە ئاوارە بوونە.
kdp-
