مووسا ئەحمەد: بۆ جه‌ژن مووچەی (5) مانگی منداڵی ئازیز دابەش دەكه‌ین

 	 مووسا ئەحمەد: بۆ جه‌ژن مووچەی (5) مانگی منداڵی ئازیز دابەش دەكه‌ین
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كەسایەتیی خێرخواز و خاوەنكار و كۆمپانیاكانی كوردستان، بەردەوام هاوكاری و یارمەتی بۆ منداڵانی بێباوكی كوردستان دابین دەكات، لەو میانەیەیشدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە (1.161.500$) دۆلار، وەك مووچەی (5) مانگ بەسەر (4646) منداڵی ئازیزی سەرتاسەری كوردستاندا دابەش دەكرێت.

رۆژی 27/8/2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیاو خاوەنكار و كەسایەتییە خێرخوازەكانی كوردستان بەشی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان، بە بۆنەی جەژنی قوربان و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی جەژن، هەڵمەتی دابەشكردنی هاوكاریی (5) مانگ بۆ (4646) منداڵی بێباوك (ئازیز)ـی دەست پێ كرد كە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ ئەم هەڵمەتە (1.161.500$) دۆلاری ئەمەریكی بووە. سەرەتای هەڵمەتەكە لە شاری هەولێر دەست پێ دەكات و تێیدا مووچەی (5) مانگی (1225) منداڵی بێباوك دابەش دەكرێت، هەمان رۆژ لە شاری دهۆك (825) منداڵ و لە شاری سلێمانی (1062) منداڵی بێباوك و لە شاری كەركووك (808) منداڵ و لە ئیدارەی گەرمیان (726) منداڵی بێباوك جەژنانەیان پێ دەدرێت كە بۆ هەر منداڵێكی ئازیز بڕی (250$)ـی ئەمەریكی تەرخان كراوە.

سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشكردنی ئەم هاوكارییانە، (مووسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیشك دەخاتە سەر گرینگیی ئەم هەڵمەتە و رایدەگەیەنێت، بە سوپاسەوە بۆ كەسایەتییە خێرخواز و خاوەنكار و خواپێداوەكانی كوردستان، كە بەردەوام پشتیوانی و پشتگیری پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كردووە، بۆ ئەم هەڵمەتەش كە لەسەروبەندی ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، دابەشكردنی هاوكارییەكان بۆ منداڵانی بێباو‌ك بەردەوامه، بەتایبەتی بۆ جەژنی قوربان، كە منداڵان پێویستیەكی زۆریان پێیەتی بۆ ئەوەی جلوبەرگ و پێداویستی جەژن بكڕن. لێرەدا بەپێویستی دەزانم زۆر سوپاسی خاوەنكارو خێرخوازانی كوردستان بكەم كە بەردەوام لەگەڵ ئێمەدابوون بۆ سەرخستنی پرۆژە خێرخوازییەكانمان، بەتایبەتی پرۆژەی چاودێریی ئازیزان، كە تایبەتە بە منداڵانی بێباوك. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا دەست دەكەین بە دابەشكردنی مووچەی (5) مانگی منداڵانی بێباوك كە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان پرۆژەكە لە یەك رۆژدا بەڕێوە دەچێت و تێیدا (4646) منداڵی بێباوك سودمەند دەبن كە ئەم هەڵمەتەش لەچوارچێوەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی كوردستاندا كە كۆمپانیاو كەسایەتییە خێرخوازەكانی كوردستان سپۆنسەری و سەرپەرشتی ئەو ژمارە زۆرەی منداڵانی بێباوك دەكەن.
kdp-
Top