كوردانی تاراوگە؛ وڵاتان تێگەیشتن کاتەکە بۆ ڕیفراندۆم گونجاوە

كوردانی تاراوگە؛ وڵاتان تێگەیشتن کاتەکە بۆ ڕیفراندۆم گونجاوە
تا دێت كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستان، پشتگیریی زیاتری ئەم پرۆسەیە دەكەن و، جیا لەوەش كوردانی تاراوگە بە فیستیڤاڵ پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕى و دووپاتیان کردەوە دەنگمان دەنگى (بەڵێ)یە.

دواى ئەوەى دوێنى لە شارى کۆڵنى ئەڵمانیا ڤیستیڤاڵێک بۆ سەربەخۆییى کوردستان ڕێک خرا، بەشداربووانى ڤیستیڤاڵەکە بە گوڕ و تینەوە داواى سەربەخۆییى کوردستانیان کرد و هەر لە ڤیستیڤاڵەکەشدا پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان خوێندرایەوە، کە لە پەیامەکەیدا سوپاسى کوردانى تاراوگەى کرد و جەختى کردەوە، لە 25/9دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییى کوردستان دەکرێت و داوایشی لە کوردانی تاراوگە کرد، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی بێت.

ئێستا کوردستانیان لە جیهاندا پەیام دەدەنە وڵاتان کە ڕیفراندۆم پەیامی هەموو خەڵکی کوردستانە، بە گوێرەی لێدوانی بەشداربووانی فێستڤاڵەکەی دوێنێی ئەڵمانیا وڵاتان تێگەیشتن، کە ئیدی ڕیفراندۆم داواکاریی کوردستانە و بۆیە هەڵوێستیان گۆڕانگاری بەسەردا دێت، بە ئاراستەیەک کە پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەن. هەر بۆ ئەم مەبەستە (مەهدى مستەفا)، بەشداربوویەکى ڤیستیڤاڵەکە بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''ئێمە لێرەین تا پشتگیریى خۆمان بۆ سەربەخۆییى کوردستان ڕابگەیەنین و، بە هەموو جیهان ڕابگەیەنین، کە کورد دەبێ لە باشوورى کوردستان بە مافى خۆى بگات، چونکە حکوومەتى عێراق بە هەموو شێوەیەک بەندە یاساییەکانى پێشێل کردووە و مافى کوردى خواردووە و ئه‌وروپییه‌كانیش بینییان كه‌ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم ته‌نیا داخوازیى كورد نییه‌، به‌ڵكو هی سه‌رجه‌م خه‌ڵكى كوردستانە، ئەم هەڵوێستەی چەند ڕۆژی ڕابردووى کوردستانیانی تاراوگە دەرخەری ئەوەیە، کە ڕیفراندۆم هەڵقوڵاوی ناخی خەڵکە و کاریگەریی لەسەر بڕیار و هەڵوێستی زۆر وڵات کردووە، کە پێشتر لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییى کوردستان نەبوون.''

هەر لەم بارەیەوە، (تێکۆشەر محمد)، چالاکى مەدەنى و بەشداربوویەکى ڤیستیڤاڵەکە بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''جێگاى خۆشحاڵی بوو، کە ژمارەیەکى زۆرى کورد لە هەموو وڵاتانى ئەورووپا و جیهان بەشدارییان لەم ڤیستیڤاڵەدا کرد و تێکڕا بە (بەڵێ) پشتیوانیى خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەردەبڕى و هیواخواز بوون کورد بە مافى ڕەواى خۆى بگات، ئەمانە هەمووی دەرخەری ئەوەیە، کە خەڵک لە دەرەوەی وڵات بە پەرۆشەوە لە پرسی ڕیفراندۆم دەڕوانن و خەڵکێکی زۆر ئامادەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان و ئامادەکاری بۆ کەمپینەکانی ڕیفراندۆم.''

(تێکۆشەر محمد)، زیاتر ڕوونى کردەوە و گوتى: ''من لە شارى دۆسڵدۆرفەوە هاتووم بۆ ئەم ڤیستیڤاڵە لە هەر شوێنێکى ئەم ئەوروپایه بکرێت ئێمە بە خۆشحاڵیەوە بەشدارى دەکەین و دەنگمان دەنگى هاونشتمانیانە و جێگاى ستایشە کە ژمارەیەکى زۆرى کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بەشدارییان لەم ڤیستیڤاڵەدا کرد، لە هەمووىشی گرینگتر خوێندنەوەى وتارى سەرۆک (مەسعوود بارزانى) بوو، کە جەختى کردووەتەوە، ڕیفراندۆم لە کات و ساتى خۆیدا دەکرێت.''

(شەماڵ ئەحمەد)، کە بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە بوو و ٨ ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پرتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوێنێ چەندین کەسایەتیی بیانی لەگەڵ ئێمە لە فێستڤاڵەکە بوون، ئێستا وڵاتان تێگەیشتوون، کە کاتەکە بۆ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە و پێشبینی دەکرێت، وڵاتانی جیهان پشتگیری لە ئەنجامی ڕیفراندۆم بکەن.''

جێگاى ئاماژەیە، دوێنى لە شارى کۆڵنى ئەلمانیا بە بەشداریى سەدان هاووڵاتى ڤیستیڤاڵێک ڕێک خرابوو بۆ پشتگیریکردنى ڕیفراندۆمى کوردستان و تێیدا ئامادەبووان لە هەموو شارەکانى ئەلمانیا و ئەوروپاوە هاتبوون بۆ بەشدارى لەم ڤیستیڤاڵەدا.
kdp-
Top