دلاوەر ئاژگەیی: وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەن
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، رایگەیاند: "گوتاری ھەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا ئەوەیە کە ڕیفراندۆم کاتەکەی گونجاو نییە، بەڵام ئەمە مانای دژ نییە، چونکە کاتی خۆی ئەڵمانیا ھەڵوێستێکی پشتیوانی بۆ یەکێک لە وڵاتەکان راگەیاند دواتر شەڕێکی گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا مامەڵە لەگەل واقیع دەکەن، بۆیە ھەرکاتێک کوردستان بڕیاری خۆی دا، ئەو کاتە دەبێتە ئەمری واقیع و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تەسلیمی واقیع دەبن".
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، ئەوەشی روون کردەوە کە لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوو، کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، ئەدیب، نووسەر و وەرزشوان لە ئەورووپا، پشتیوانییان بۆ ریفرادۆم راگەیاند، دەشڵێت: "تادێت ئەم پشتیوانییە فراوانتر دەبێت و فێستیڤاڵی سەربەخۆیی کاریگەریی زۆر لەسەر دوا بڕیاری وڵاتانی ئەورووپا دەبێت، شێوەی مامەڵەی ئەورووپا لەگەل کەرناڤاڵەکە زۆر جیاواز بوو، ھەستت دەکرد کە وەک ھاووڵاتیی دەوڵەتێک مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکرێت".
ئاژگەیی، گوتیشی: "یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپا، خۆیان بۆ ھەر دەرئەنجامێک ئامادە کردووە، بۆیە دوای ٢٦ مانگ ھەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە، بێگومان ھەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا پشتیوانی بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان راگەیاندووە، ئەوەش بەئاشکرا بە بارزانی گوتراوە".
باسنیوز
