نەجمەدین کەریم: بەبێ بەشداریی ھێزی پێشمەرگە ناتوانرێت تەواوی حەویجە ئازاد بکرێتەوە

 نەجمەدین کەریم: بەبێ بەشداریی ھێزی پێشمەرگە ناتوانرێت تەواوی حەویجە ئازاد بکرێتەوە
پارێزگاری کەرکووک، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای دەگەیەنێت، بەبێ بەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجەدا، ناتوانرێت تەواوی حەویجە ڕزگار بکرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27/8/2017 نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، لە پرێس کۆنفرانسێکدا، رای گەیاند: "بەبێ بەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجەدا، ناتوانرێت تەواوی ئەو شارۆچکەیە ڕزگار بکرێت، لەوانەیە ھێزەکان بتوانن کە بەشێکی ئازاد بکەن".

ئەوەشی خستە روو کە ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە ھۆکاری پێشخستنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی تەلەعفەر، بۆ ئەوەیە کە دواتر ھێزە عێراقییەکان بێنە حەویجە و گرفت بۆ کەرکووک و ھێزی پێشمەرگە دروست بکەن، ئەوا سیناریۆیە و ھیچی دیکە، دەڵێت: "ئێمە وەڵامی سیناریۆکان نادەینەوە، ھەروەھا خەڵکی کەرکووکیش بەھۆی ھێزە ئەمنییەکان و ھێزی پێشمەرگەوە ڕێگە نادرێت دڵە ڕاوکێیان بۆ دروست ببێت".

ھەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا، نەجمەدین کەریم، ئەوەشی روون کردەوە: "دەمانەوێت بە زووترین کات حەویجە ئازاد بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو ناوچەیەش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت".









باسنيوز
Top