سلێمانی.. ئامادەکارییەکانی پێشوازی لە ڕۆژانی جەژن ڕاگەیەندران
ئەمڕۆ یەکشەممە 27/8/2017 لە دیوانی قایمقاممیەتی سلێمانی بە سەرپەرشتیی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی بەڕێوە چوو، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دانانی بەرنامە و ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئەمنییەتی شاری سلێمانی و کردنەوەی چێشتخانە و مۆڵ و شوێنە گشتییەکان بەڕووی گەشتیاراندا گفتوگۆ کرا.
پاشان لە پرێس کۆنفرانسێکدا قایمقامی سلێمانی وردەکاریی زیاتری لەو بارەیەوە خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد: "قایمقامییەتی سلێمانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانەگەکانی تری شاری سلێمانی لە ڕۆژانی جەژندا چەند تیمێکی گەڕۆکی (تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ھاتوچۆ) لە چەند شەقامێکی جیاواز دادەنرێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئەمنییەتی شاری سلێمانی و لە بازگەکانیش، گەشتوگوزار پێشوازی لە گەشتیاران دەکات".
گوتیشی: "سەردانی لیژنە ھاوبەشەکان بۆ بازار و شوێنەگشتییەکان لە ڕۆژانی پێش چەژن و دواتریش زیاتر دەبێت کە لەڕووی تەندروستی، کوالێتی و نرخ پشکنین دەکات و ئامانجیشمان لێی پاراستن و یارمەتیی ھاووڵاتیانە".
باسنيوز
