ئیدارەی جەلەولا: بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەین
بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی خۆجێی شارەدێی جەلەولا، کە واژۆی جەلیل محەمەد رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنەکەی لەسەرە، هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە کۆی دەنگ بڕیاری بەشداریکردنیان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، داوە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بڕیارەی ئەوان بۆ رێزگرتنە لە خوێنی پاکی شەهیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ئاسایش، کە گیانی خۆیان بۆ رزگارکردنەوەی شارەدێی جەلەولا کردە قوربانی.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، بەهۆی شکستی سوقپای عێراق و خۆڕانەگرتنی هێزەکانی ئەو سوپایە لەبەرامبەر چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەو رێکخراوە شارەدێی جەلەولای داگیر کرد.
دوای ماوەیەکی کەم، هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان شارەدێی جەلەولا و ناوچەکانی دەوروبەریان رزگار کردەوە و توانییان لەو سنوورە شکست بە داعش بهێنن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارەدێی جەلەولا لە خانەقین، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
