نووسەرێکی عەرەب باسی هۆکارەکانی هەوڵی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکات

 نووسەرێکی عەرەب باسی هۆکارەکانی هەوڵی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکات
نووسەرێکی عەرەب باسی هۆکارەکانی سووربوونی گەلی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

خورشید دەلی، نووسەری عەرەبی سووریا لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (ئەلجەزیرە) بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، ژمارەیەک هۆکار هەن، کە وادەکەن گەلی کوردستان و مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیاتر سووربن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی.

خورشید دەلی لە بەشێکی وتارەکەیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ”نەخێری جێگیر“ و بەردەوامی بارزانی لە وەڵامی ئەوانەی داوای دواخستن یان ئەنجامنەدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی هۆکارەکانی ئەو هەنگاوەی گەلی کوردستان دەوروژێنن.

ئەو نووسەرە عەرەبە ژمارەیەک هۆکاری باس کردووە، کە بە ڕای ئەو بوونەتە هۆی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە ئەمانەن:

- هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی و بیانپارێزێ.

- هەرێمی کوردستان و گەلەکەی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق ”هیچ سوودی نییە“، بە تایبەت حکوومەتی عێراق، کە زۆرینەی شیعەمەزهەبەکان بەڕێوە دەبەن، بڕیاری گرنگ بەبێ بەشداری پێکردنی نوێنەرانی گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، دەدات.

- حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە نەدانی بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە هەرێمی کوردستانی رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی کردووەتەوە.

- هەستکردنی گەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بەوەی رۆڵێکی گەورەیان لە شەڕی دژی تیرۆری جیهانی بە تایبەت شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستی داعشدا هەیە و هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوان.

- هەستی نەتەوەیی لای گەلی کوردستان بەردەوام پڕ لە جۆش و خرۆشە و مافی چارەی خۆنووسین بیروڕای نەگۆڕ و جێگیری گەلی کوردستانە.

حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2013ـەوە و بە فەرمانی نوری مالیکی، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و لە شەڕی دژی داعشیدا، هیچ هاوکارییەکی سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نەنارد و رێگریشی لە هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان کرد.









باسنيوز
Top