راپرسییەکی جەزیرە: سەرۆك بارزانی کاریگەرترین کەسایەتیی هەفتەیە
کەناڵەکە هەفتانە چوار کەسایەتی و سێ رووداوی جیاواز بە جودا دەخاتە ناو کێبڕکێوە بۆ دیاریکردنیان وەک کاریگەرترین کەسایەتی و کاریگەرترین رووداوی هەفتە.
لەم هەفتەیەدا 26/8/2017، چوار کەسایەتییە خرابوونە کێبڕکێکەوە و پرسیاری ئەوە لە خوێنەرانی ماڵپەڕەکە کرا بوو، کە ”کام کەسایەتی زۆرترین کاریگەری هەبووە لەم هەفتەیەدا؟“.
ناوی کەسایەتییەکان و رێژەی دەنگەکانیان:
- مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە جەخت لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە.
بارزانی %62 دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەست هێناوە و بە کاریگەرترین کەسایەتیی هەفتە هەڵبژێردراوە.
- ئوسامە زوعبی، راگەیاندنکاری سووری، کە رووماڵی ”شۆڕش“ی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای دەکرد، هەفتەی رابردوو لە شاری دەرعا لە باشووری سووریا کوژرا.
زوعبی %18ـی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەست هێناوە.
- جولیان ئاسانج، دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس، کە چەندین نهێنیی ئەمریکا و وڵاتانی جیهانی ئاشکرا کردووە.
ئاسانج %12ـی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەست هێناوە.
- ستیڤ بانون، گەورە راوێژکاری کاروباری ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، کە دوای حەوت مانگ دەستبەکار بوون، هەفەتی رابردوو دەستی لەکار کێشایەوە.
بانون %8ـی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەست هێناوە.
کەناڵی (ئەلجەزیرە) لە راپۆرتێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”خەونی کۆماری دووەمی کوردستانی زیندوو کردەوە“ و سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
