روانگەی سووری: هاوپەیمانان بە فڕۆکە ژمارەیەک چەکداری داعش دەڕفێنن
بەپێی راگەیەندراوێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێوارەی رۆژی شەممە 26/8/2017، فڕۆکەیەکی جەنگیی هاوپەیمانان کردەیەکی دابەزین لە ئاسمانەوەیان لە ناوچەی تەبەنی لە گوندەوارەکانی دێرەزوور ئەنجام داوە و ژمارەیەک چەکداری ئەوروپی و ئەمریکیی داعشی رفاندووە.
سەرچاوە ئەمنی و ناوچەییەکانی روانگەی سووری ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەو چەکدارانە ”سیخوڕ“ی وڵاتانی رۆژئاوان و خزێندراونەتە ناو داعش، بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوخۆی ئەو رێکخراوەوە.
ئەو سەرچاوانە ئەگەرێکی دیکەشیان بۆ روانگەی سووری باس کردووە، کە بریتییە لە گواستنەوەی ئەو چەکدار و سەرکردانەی داعش، کە ویستی خۆیان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و ئاشکراکردنی زانیارییەکانی رێکخراوەکەیان، نیشان داوە.
پێشتریش لە رۆژانی 22/8/2017 و 24/8/2017، دوو فڕۆکەیەکی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکی دابەزین لە ئاسمانەوەیان لە دێرەزووە ئەنجام دا و لە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا، 45 جەکداری داعش گواسترانەوە شوێنێکی نادیار.
باسنيوز
