ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان: نامانەوێ بەپەلە پەرلەمان کارا بکرێتەوە

 ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان: نامانەوێ بەپەلە پەرلەمان کارا بکرێتەوە
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، پارتی و گۆڕان جارێکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کۆدەبنەوە و پێیان باشە لەگەڵ پارتی “پەڕەیەکی نوێ” هەڵبدەنەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نایانەوێ بەپەلە پەرلەمان کارا بکرێتەوە.



شێخ عومەر کاکە حەمە، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، جارێکی دیکە لەنێوان خۆیاندا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، کۆبوونەوەکەش لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان دەبێت”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کۆبوونەوەکەی ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو، ئەگەر ھیچ دەستکەوتێکیشی نەبووبێ، لانی کەم توانیویەتی دوای دوو ساڵ، پارتی و گۆڕان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، “ئەوەش بۆ خۆی دەستکەوتێکی گرنگە”، چونکە دوورکەوتنەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکان لە یەکتر، زیان بە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان دەگەیەنێت.



دەربارەی کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد: “ھەڵوێستی گۆڕان ئاشکرایە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئێمە نامانەوێ لەم دۆخەی ئێستادا بە پەلە پەرلەمان کارا بکرێتەوە”.



ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان لە لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ پارتی و گۆڕان چارەسەر نابێت و گوتی: “پێمان باشە لەگەڵ پارتی پەڕەیەکی نوێ ھەڵبدەینەوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەین”.



ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، کۆبوونەوەیەکی پێنج کاتژمێری لە نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بەڕێوە چوو، دواتر گوتەبێژی فەرمیی پارتی ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پاکێجێکی 6 خاڵییان بە گۆڕان داوە.






باسنيوز
Top