سلێمانی.. پانێڵی کاریگەرییەکانی ڕیفراندۆم و ڕۆڵی گەنج بەڕێوەچوو

سلێمانی.. پانێڵی کاریگەرییەکانی ڕیفراندۆم و ڕۆڵی گەنج بەڕێوەچوو


ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (26/ 8/ 2017) لە ھووتێل (ھای کریست) لە شاری سلێمانی، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان، بەھاوبەشی لەگەڵ یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان، لەژێر ناونیشانی (ھەنگاوێک بۆ باشترکردنی ئابووری کوردستان، کاریگەرییەکانی ڕیفراندۆم، ڕۆڵی گەنج لەم نێوەندەدا) پانێڵێکیان بۆ ھەریەک لە: عێزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، یاسین محەمەد ڕەشید، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان، ھەڤاڵ ئەبووبەکر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێكخست.



لەپانێڵەکەدا باس لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و دۆخی ئابووری و ڕۆڵی گەنج لەو نێوەندادا کرا، ھەرواھا میوانانی پانێڵەکە بەتایبەتی چینی گه‌نجان دید و بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان خستەڕوو، ھەروەھا گەنجان گلەیی و گازندەی ئەوەیان دەکرد، كه‌ گەنج لەھەرێمی کوردستان مافی خوراوە و ھیچ حزبێک ئامادە نییە کێشەیان چارەسەر بکات.



لەوبارەیەوە، یاسین محەمەد ڕەشید، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان، ڕاگەیاند: "لەپانێڵەکەدا باس لە پرسی ڕیفراندۆم و ھەرێمی کوردستەن کراوە، باس لەوەشکرا، کە دەبێ گەنج لەھەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵی کارای ھەبێت، چۆنکە گەنج داینەمۆی ئەم وڵاتەیە و دەبێ کێشەیان چارەسەر بکرێ، ھەروەھا کارێک بکەین، چینی گەنجان بە پرسە نیشتمانیەکان ئاشنا بکەین".



له‌ باره‌ى پرسی ڕیفراندۆمیشه‌وه‌، گوته‌بێژه‌كه‌ى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌ران گوتی: "چەند جارێک بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باسی ئەوەم کردووە، کە ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە، بۆیە ئامادەم بەھەموو شێوەیەک پشتگیریی بکەم".



ئاماژەی بەوەشکرد، كه‌ ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو دەبێ، ئه‌وانیش وەک وەبەرھێنەران بەھەموو شێوەیەک پشتگیریی لە سەرخستنی ڕیفراندۆم دەکەن.
BAS NEWS-
Top