له ڕۆژى ڕیفراندۆم سه‌دان كوڕ و كچی كوردستان هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن
وابڕیاره له ڕۆژى 25ى ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ كه ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه سه‌دان كوڕ و كچی كوردستان هاوسه‌رگیری بكه‌ن و ڕێكخراوێكى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییش كاروباره‌كانى ئه‌و رۆژه‌یان بۆ ڕێكده‌خات.
هیوا جه‌مال سه‌رۆكى تیپی گه‌نجانى به‌ره‌و ڕیفراندۆم ڕاگه‌یاند: "ئێمه وه‌ك گروپی گه‌نجانى به‌ره‌و ڕیفراندۆم كه تێكه‌ڵه‌یه‌كى هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستانین و به‌یه‌كه‌وه له سه‌رانسه‌رى كوردستان كارده‌كه‌ین، ئێستا له هه‌وڵى ڕێكخستنى مه‌راسیمى بووك گواستنه‌وه‌ى به كۆمه‌ڵین كه ڕۆژى 25ى ئهیلوول ڕۆژى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سازبكرێت و تا ئێستا زیاتر له 100 كچ و كوڕ ناویان بۆ ئه‌و ڕۆژه نووسیووه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئه‌و گروپه ته‌نیا كاروباره‌كانى ڕێكخستن و ناونووسینى ئه‌و گه‌نجانه ڕێكده‌خات و هانى ئه‌و گه‌نجانه ده‌دات كه ئێستا ده‌یانه‌وێت هاوسه‌رگیری بكه‌ن، ڕۆژى هاوسهرگیرییهكانیان بخه‌نه ڕۆژى 25ى ئهیلوول.
له‌باره‌ى شێوازى دۆزینه‌وه‌ى هاوسه‌ران هیوا جه‌مال گوتى: "ئێمه نوێنه‌رمان له هه‌موو دادگاى قه‌زاكانى كوردستاندا هه‌یه و هه‌ر كچ و كوڕێك بچن بۆدادگا بۆ ماره‌بڕین له‌وێدا داوایان لێده‌كه‌ن پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیری و بوك گواستنه‌وه‌كان بخه‌نه ڕۆژى 25ى ئهیلوول و پاشانیش ناویان ده‌نووسرێت و ئێمه‌ش وه‌ك گروپ هاوكارییه‌كى كه‌میان بۆ دابین ده‌كه‌ین كه خه‌رجى ئاهه‌نگى ڕۆژى هاوسهرگیرییهكهیه".
BAS NEWS-
