ڕۆستی: پەكەكە زیانێكی زۆر لە كەرتی گەشتیاری دەدات

 ڕۆستی: پەكەكە زیانێكی زۆر لە كەرتی گەشتیاری دەدات
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە بازگەكان كارئاسانی زۆر بۆ گەشتیاران كراوە بۆ هاتنەژوورەوە و، ژمارەی گەشتیاران زۆر زیادی كردووە، بەڵام هەر شوێنێك پەكەكەی لێ بێت، زیانێكی زۆر لە كەرتی گەشتیاری دەدات.

(نادر ڕۆستی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئێمە وەكو دەستەی گەشتوگوزار وەك هەموو جەژنەكانی رابردوو پلانمان هەیە و لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكاری دەكەین، هەر یەك لەو بەڕێوەبەرایەتیانەیش لە لیژنەكانی خۆیان پێك دێن بۆ رۆژانی جەژن بە هاوكاری و هەماهەنگی لیژنەكانی دیكە كە دروست دەكرێن بۆ جەژن، ئێمەیش بە هەمان شێوە لیژنەی خۆمان دەبێت بۆ چاودێریكردنی شوێنە گەشتیارییەكان، لە هەمان كاتیشدا بەدواداچوون بۆ كێشەكان و پێشوازیكردن لە گەشتیاران دەكەین، ساڵانە هەموو ئەو كارانە دەكرێن، هەر وەكو جەژنی رابردوو هەماهەنگی هەیە و لە بازگەكان كارئاسانیی زۆر كراوە بۆ گەشتیاران بۆ هاتنەژوورەوەیان، هاتنی گەشتیارانیش بەردوامە هەر لە جەژنی ڕەمەزانەوە تا ئێستا هاتنی گەشتیاران بەردەوامە و ژمارەی گەشتیاران زۆر زیادی كردووە، بەوەش ئەمساڵ داهاتی گەشتیاری زۆر زیاد بووە".

(ڕۆستی) ئاماژەیشی دا، "زۆر شوێنی هەرێمی كوردستان تا ئێستا نەمانتوانیوە سوودیان لێ وەربگرین، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی دەكەونە ناوچە سنوورییەكان، دەكرێت لە داهاتوودا كەڵكیان لێ وەربگرین بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری، كە ئێمە لە سەرەتای پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاریداینە، زیاتر لە 660 شوێنمان داخیلی پلانەكانی خۆمان كردووە، لەوانە 67 شوێن دیزاینیان بۆ كراوە، ئەوانەی دیكە هەموو بۆ ئاییندەیە، بەشێك لەو شوێنانەیش دەكەونە هەندێك شوێن، ئەگەر ئەو شوێنانە هەر وا بمێننەوە، بوونی هێزی سەربازیی هەر لایەنێك لە هەر شوێنێك بێت زەرەر و زیانێكی زۆر لە كەرتی گەشتیاریی ئەو سنوورە دەدات، چونكە هیچ گەشتیارێك ئامادە نییە سەردانی شوێنێك بكات كە هێزی چەكداری لێ بێت، جا ئەو هێزە چەكدارە سەر بە هەر لایەنێك بێت، واتە ئەو شوێنە وەبەرهێنانی تێدا ناكرێت و ناكرێتە شوێنێ گەشتیاری، بۆیە بە زیانی گەشتوگوزار تەواو دەبێت، بۆیە هەر شوێنێك پەكەكە و هێزی دیكەی لێ بێت و شوێنەكە گەشتیاری بێت، زیانی بۆ كەرتی گەشتیاری بە دواوەیە، چونكە بابەتی سەربازی دوورە لە بابەتی گەشتیاری، ئەو شوێنانەی پەكەكەیان لێیە، بەشێكیان شوێنی گەشتیارین و گەشتیار ناتوانێت سەردانی ئەو ناوچانە بكات، ئەوەیش بە زیانی كەرتی گەشتیاری دەشكێتەوە"..
KDP-
Top