"پەكەكە بۆی نییە دەست لە كاروباری باشوور وەربدات.. لەمێژە دەستبەرداری دروشمە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بووە"

چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، پەكەكە بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێم وەربدات، چونكە لەمێژە وازی لە هەموو ئەو دروشمانە هێناوە كە دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیین و، بە ئاشكرا دژایەتیی خۆی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دەربڕیوە.

(عەبدولسەلام بەرواری)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پەكەكە بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێم وەربدات، ئەوان لەمێژە وازیان لە هەموو ئەو دروشمانە هێناوە كە دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیین، شەرم دەكەن كە خۆیان بە كورد بزانن، بە بێشەرمانە لەسەر زاری سەرۆكەكانی خۆیان دەڵێن، ئێمە دژی سەربەخۆیی و دژی دەوڵەتی نەتەوەیی كوردیین".

(بەرواری) جەخت دەكاتەوە لەوەی كە، ئەگەر بارودۆخی ناوخۆی كوردستان نەبووایە، نە پەكەكە و غەیری پەكەكە بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە خۆیان بكەنە بەدیل و هەندێك ناوچە داگیر بكەن و خەڵك دژی حكوومەتێكی هەڵبژێردراو هان بدەن، ئەوە دەركەوتووە لەوەی كە برای تۆیە و كوردە، ئەوە دوژمنی تۆیە، ئەوە هاندەری خەڵكە كە هانیان دەدات كە دژی یاسا و حكوومەت بوەستنەوە، بۆیە دەبێت ڕەفتار لەسەر ئەو مامەڵانەی دەكەین، هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت، نەك ئەوان كێنە و بۆ وا دەكەن".

وەك ئاماژەیەكیش بۆ دەستدرێژی و سیاسەتی دژایەتیی پەكەكە بۆ پارتە سیاسییەكان و نانەوەی كێشە لە پارچەیەكی كوردستانی گەورە كە بۆی بكرێ، (نووری بریمۆ) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا، گوتی، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی ئەنەكەسە لە زیندانەكانی پەكەكەدان و باری تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەركردنە.

(بریمۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، "ئەمڕۆ ئەندامی ئێمەی كۆمیتەی ناوەندی مامۆستا (ساڵح جەمیل) لەلایەن ئاساییشی پەكەكەوە دەستگیر كراوە، هەروەها دوێنێ دوو ئەندامی دیكەی ئێمە دەستگیر كراون، هۆكاری دەستگیركردنی ئەوانەیش بۆ ئەوەیە كە، هەڵگری پڕۆژەی نەتەوەیینە، هەڵگری ئاڵای كوردستانن و پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان دەكەین، وڵاتانی دەوروبەر دژی ئەو خواستەی خەڵكی كوردستانن، بۆیە پەكەكە ڕادەسپێرن كە ئەندام و لایەنگرانی ئێمە دەستگیر بكەن و ئەشكەنجەیان بدەن".
KDP-
Top